ئه‌حمه‌د تورک: با ده‌سه‌ڵات به‌ خۆیدا بچێته‌وه‌، ئێمه‌ش به‌ خۆماندا ده‌چینه‌وه‌

به‌شی تورکیا- په‌رله‌مانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) ڕای‌گه‌یاند: سیاسه‌تێک كه‌ له‌ توركیادا جیاكاری به‌رامبه‌ر كورد ئه‌نجام ده‌دات و له‌ كورده‌كان دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ ناتوانێت دیموكراسی بۆ توركیا بهێنێت و پێشنیازی کرد ده‌سه‌ڵات چاوێک به‌ خۆیدا بخشێنێته‌وه، ئێمه‌ش چاوێک به ‌خۆماندا ده‌خشێنینه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دوای كۆبوونه‌وه‌ی فراكسیۆنی هه‌ده‌په‌‌ ئه‌حمه‌د تورک وه‌ڵامی پرسیاری ڕۆژنامه‌وانانی له‌باره‌ی ده‌نگۆی به‌ربژێربوونی بۆ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کان دایه‌وه‌ و گوتی: "40 ساڵه‌ له‌ نێو سیاسه‌تدام و سیاسه‌تم بۆ خزمه‌ت كردن به‌ گه‌له‌كه‌م ئه‌نجام داوه‌. ئه‌مڕۆش ئه‌گه‌ر پارته‌كه‌م داواكارییێكی له‌و جۆره‌ی هه‌بێت ئاماده‌م ئه‌م داواكارییه‌ جێبه‌جێ بكه‌م. ئه‌گه‌ر وه‌ک كه‌سایه‌تی ته‌ماشای بابه‌ته‌که‌ بكه‌ین، له‌م ته‌مه‌نه‌ی تێیدام، زۆر بیر له‌ کاری سیاسی ناکه‌مه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر پارته‌كه‌م پێویستی بێت له‌م ئه‌رکه‌ ڕاناکه‌م".

ناوبراو له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئاكپارتی به‌ربژێری بۆ قه‌یومه‌كان له‌ چه‌ند شارێک داناوه‌ ڕای‌گه‌یاند: "ئه‌مه‌ واتای حیساب نه‌كردنه‌ بۆ ئیراده‌ی گه‌ل. ناوی هه‌ڵبژاردنه‌كان خۆجێییه‌ به‌ڵام که‌سانێکی ناپه‌یوه‌ندیدار به‌و جێگه‌وه‌ داده‌مه‌زرێندرێن‌. له‌ دیموكراسیدا شتی له‌م جۆره‌ نه‌بینراوه‌. له‌ توركیایێكداین كه‌ تا دێ له‌ دیموكراسی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ و به‌ره‌و دیكتاتۆری و حیساب نه‌كردن بۆ ئیراده‌ی گه‌ل ده‌ڕوات".

ته‌مه‌للی: ده‌سه‌ڵات له‌ دۆزینه‌وه‌ی به‌ربژێر تووشی زه‌حمه‌ت هاتوووه‌

له‌ گوتارێکدا له‌ کۆبوونه‌وه‌ی فراکسیۆنی پارته‌که‌یدا سه‌زایی ته‌مه‌للی هاوسه‌رۆکی هه‌ده‌په‌ش ئاماژه‌ی به‌وه ‌کرد که‌ پارتی ده‌سه‌ڵاتداری تورکیا (ئاکپارتی) "به‌زه‌حمه‌ت" به‌ربژێری سه‌رۆکایه‌تیی شاره‌وانیی بۆ ده‌دۆزرێته‌وه‌.

سه‌زایی ته‌مه‌للی گوتی: "ئه‌مڕۆ ده‌بینین له‌ دۆزینه‌وه‌ی به‌ربژێر بۆ سه‌رۆکایه‌تیی شاره‌وانی تووشی زه‌حمه‌ت هاتوون. له‌ دیاربه‌کر قه‌یوومیان به‌ربژێر کرد. له‌ ئه‌نقه‌ره‌ سه‌رۆکی شاره‌وانیی پێشووی قه‌یسه‌رییان به‌ربژێر کردوووه‌. له‌م سه‌کۆیه‌وه‌ پێشتر پرسیم؛ دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌ 26 لاپه‌ڕه‌ییه‌که‌ت له ‌کوێیه‌؟ ماده‌م ئێستا به‌ربژێر بوویت، ئاده‌ی خۆت ده‌ربخه‌ بزانین له‌و 26 لاپه‌ڕه‌یه‌دا چی نووسراوه‌؟ له‌ ئیزمیر زه‌یبه‌کچییان به‌ربژێر کردوووه‌ که‌ ئابووریی ته‌خت کرد و جێیهێشت، هه‌روه‌ها خاوه‌ن زمانێکی پیاوسالارانه‌یه‌. ئێمه‌ش له‌ دژی هه‌موو ئه‌مانه‌، به‌ربژێری گه‌لان و ڕه‌نجده‌ران و ژنان ده‌ستنیشان ده‌که‌ین".

بڕیاره‌ ڕۆژی 31ی 3ی 2019 خه‌ڵکی تورکیا به ‌مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی شاره‌وانییه‌کان بچنه‌ سه‌ر سندووقه‌کانی ده‌نگدان.

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 49803

Your Comment

You are replying to: .
captcha