شاندێکی یه‌کێتیی نیشتمانی سه‌ردانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شاندێکی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان به‌ سه‌رۆکایه‌تی بافڵ تاڵه‌بانی سه‌ردانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوێکی چوارچێوه‌ی ھه‌ماھه‌نگی، پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی، هه‌ریه‌ک له‌ نوری مالیکی سه‌رۆکی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا و هادی عامری سه‌رۆکی هاوپه‌یمانی فه‌تح پێشوازییان له ‌شاندێکی یه‌کێتی به‌سه‌رۆکایه‌تی بافڵ تاڵه‌بانی کردووه‌.

له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆ کراوه‌ ده‌رباره‌ی دوایین پێشھاته‌ ئه‌منی و سیاسییه‌کانی عێراق، هه‌روه‌ها باس له‌و گفتوگۆیانه‌ش کراوه‌ که‌ له‌ئێستادا له‌ نێوان ھێزه‌ سیاسییه‌کاندا بۆ پێکھێنانی حکوومه‌ت ده‌کرێن.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌، نووری مالکی رایگه‌یاندووه‌، "چوارچێوه‌ی ھه‌ماھه‌نگی سووره‌ له‌سه‌ر پێکهێنانی ته‌وافوق له‌گه‌ڵ ھێزه‌ نیشتیمانییه‌کانی دیکه‌دا، له‌ پێناو په‌له‌کردن له‌ پێکھێنانی حکوومه‌تی نوێی عێراق، ئه‌وه‌ش به‌ پشت به‌ستن به‌ پڕه‌نسیپه‌ یاسایی و ده‌ستورییه‌کان.

له‌لای خۆشیه‌وه‌، ھادی عامری سه‌رۆکی ھاوپه‌یمانی فه‌تح باسی له‌ ھه‌ڵویستی چوارچێوه‌ی ھه‌ماھه‌نگی کرد و وتی: "ئێمه‌ هه‌میشه‌ ده‌رگای گفتوگۆمان کراوه‌یه‌ بۆ سه‌رجه‌م ھێزه‌ سیاسییه‌کان و به‌ھێزکردنی زمانی دیالۆگ، له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێک بۆ کۆتایی ھێنان به‌و قه‌یرانه‌ی ئێستا له‌ وڵات دروست بووه‌".

هه‌ر له‌و دیداره‌دا، بافل تاڵه‌بانی جه‌ختی له‌سه‌ر سووربوونی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ به‌ھێزکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ھه‌موو ھاوبه‌شه‌ سیاسییه‌کان له‌ ھه‌موو بواره‌کاندا کرده‌ووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ھێزه‌کانی چوارچێوه‌ی ھه‌ماھه‌نگی.

News Code 4963

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha