بەرهەم ساڵح: چاوم لەوەیە جارێکی تر پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرمەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، چاوم لەوەیە جارێکی تر شەرەفی بەرپرسیارێتی پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرمەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرھەم ساڵح پەیامێکی ئاڕاستەی گەلی عێراق و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کرد سەبارەت بە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە.

لە پەیامەکەیدا بەرھەم ساڵح ڕایگەیاند: پێویسته‌ سه‌رۆک کۆمار ره‌مزی یه‌کڕيزى و شکۆمەندی وڵات و پارێزه‌ری ده‌ستوور بێت، سه‌رۆکی هه‌موو عێراقییه‌کان بێت، سه‌رۆکێکی راسته‌قینه‌ بێت نەک ژێردەست بێ.

ناوبراو بەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت: له‌م ساته‌ هه‌ستیاره‌ مێژووییه‌دا کە وڵاتەکەمان بەناو دووانەی دەرفەت و دژواریدا تێده‌په‌ڕێت، کاندیدبوونی خۆمتان بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار پێڕاده‌گه‌یه‌نم، بە روونیش لەوە تێدەگەم که‌ لە ئه‌ستۆگرتنی ئه‌م ئه‌رکه‌‌، شه‌ره‌فێکی مه‌زن‌ و به‌رپرسیارییه‌تییه‌کی گه‌وره‌یه‌.

سەرۆک کۆماری عێراق دەشڵێت: ویژدانم ئاسوودەیه‌ که‌ له‌ئه‌نجامدانی ئه‌و ئه‌رکانه‌ی له‌ ساڵانی رابردوودا له‌سه‌ر شانم بوون، هه‌میشه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گەلەکەمم له‌به‌رچاو گرتووه، ئه‌و ئه‌رکانه‌ی هه‌موو ھاونیشتیما‌نیان به‌ عه‌ره‌ب و کورد و تورکمان و مه‌سیحی و شه‌به‌ک و ئێزدی و سائیبی کار بۆ سه‌رخستنی ده‌که‌ن‌... ھەردەم ئامانجمان هێنانه‌کایه‌ی دادپه‌روه‌ری بووه‌ بۆ هه‌موو رۆڵەکانی گەل، لە سۆنگەی وڵاتێکی به‌هێزی خاوه‌ن توانا، وڵاتێک؛ که‌ رێز له‌ ھاونیشتیمانییە‌کانی بگرێت و بتوانێت به‌رجه‌سته‌ی پێگه و رۆڵه‌ مێژووییه‌ شیاوه‌که‌ی جارانی له‌ جیهان و ناوچه‌که‌دا بکاتەوە، به‌ دڵنیایشه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م رێچکه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بین و هه‌رگیزا و هه‌رگیز لێی لاناده‌ین.

News Code 4929

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha