سیاسەتی پارتی لێكترازانی كورد و شیعەکانی عێراقی لێدەكەوێتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت: پارتی هەمان سیناریۆی كاندید كردنی فوئاد حسێن دووبارە دەكاتەوە و ئەم سیاسەتەی پارتی دیموکراتی کوردستان کەپەیڕەوی دەکات، توورەکردن و لێکترازانی زیاتری ھەردوو شەقامی لێدەکەوێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە نووسینێكدا بە ناونیشانی "پارتی و تووڕەکردنی شەقامی عێراقی" لە پەیجی خۆی نووسیوویەتی: عێراق، وڵاتێکی فرە نەتەوەیە و لە دێرزەمانەوە ھەوڵ دراوە برایەتیەک لەنێوان پێکھاتەکانیدا بچەسپێبرێت، دەوترێت کورد و عەرەب ھەرگیز نابن بەبرای یەکتر. برینەکان زۆر لەوە قووڵترن، بەڵام دەکرێت جۆرێک لە قەبووڵ کردنی یەکتری لە نێوانیاندا ھەبێت.

ناوبراو دەشڵێت: ئەم یەکتری قبووڵکردنە بێگومان لە لێکتێگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێت، سیاسەتی دروست و ستراتیژی دەبێت بە ئاراستەی نزیک کردنەوەی شەقامی عەرەبی و عێراقی بێت لە شەقامی کوردی.

ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بە سیاسەتی ئێستای پارتی كردووە لە پرسی كاندیدكردنی هۆشیار زێباریدا و نووسیویەتی: ئەم سیاسەتەی پارتی دیموکراتی کوردستان کەپەیڕەوی دەکات، تووڕە کردن و لێکترازانی زیاتری ھەردوو شەقامی لێدەکەوێتەوە، لەوانەیە بۆ ماوەیەک بتوانێت سیاسیەکان بەلای خۆیدا رابکێشێت، بەڵام لە کۆتایی دا ئەو سیاسیانەش دەبێت ملکەچی شەقامی خۆیان بن.

ناوبراو ئاماژە بە كاندیدكردنی فواد حسێن دەكات لە ساڵی 2018دا و دەڵێت: بە کاندید کردنی فواد حسێن ھەموو شەقامی عێراقی دژی خۆی ھان دا، بەوەی کە دەوترا مسعوود بەرزانی سکرتێری خۆی ناردوە بیکات بە سەرۆکی ھەموو عێراق، "شەقامی عێراقی ئەمەی بە ئیھانەیەکی گەورە زانی و دەنگیان نەدا بەوەی سکرتێری کاک مسعوود ببێت بە سەرۆک".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئێستاش ھەمان سیناریۆ دووبارە دەکاتەوە بەوەی کەسێک کاندید کردووە کە ناو و ناوبانگی لە رووی قانوونیەوە باش نیە و لەسەر گەندەڵی متمانەی لێوەرگیراوە لە پەرلەمان ئەمە لە لایەن شەقامی عەرەبیەوە بە ئیھانەیێکی گەورە وەرگیراوە و بەم شێوەیە ناکۆکیەکانی کورد و عەرەب گەورەتر ئەبێ.

News Code 4872

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha