بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمین بابە شێخ ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەنراوێکدا وەڵامی وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانی دایەوە و ڕایگەیاند: "کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کە دوێنێ 23ی کانونی دووەمی2022، بۆ رای گشتی کوردستانیی بڵاویکردەوە، خستنەڕووی راستییەکانی تێدابوو ،چوونکە لەدانووستاندنەکاندا هەر لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی ساڵی پارەوە هەوڵەکانمان بۆ ئەوە بو بەیەکڕیزی و پڕۆژەیەکی یەکگرتووی نیشتمانییەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراق بە شیعە و سوننەوە بچینە بەغدا، بەڵام بەداخەوە پێشبینی ئەوە دەکرا پێشوەخت پارتی لەگەڵ چەند لایەنێکی تردا بەبێ ئاگاداری ئێمە و لایەنەکانی تر چوبونە ناو رێککەوتنێکەوە کە بەهیچ شێوەیەک خزمەت بە پرۆسەی سیاسی لە عێراق و مافەدەستوریەکان و قەوارەی هەرێمی کوردستان ناکات".
ئەوەش هاتووە، "هەر لەسەرەتای ئەو کۆبوونەوانەوە ھەڤاڵ بافل جەلال تاڵەبانی و وەفدەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دەسەڵاتی تەواو و بە بڕیاری سەربەخۆی نیشتمانیەوە لەگەڵ پارتی دا گفتوگۆیان دەکرد دور لە پرەنسیپەکانی تاکڕەوی و قۆرخکاری له پرۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا، بەڵام بەداخەوە ئەوە وەفدەکانی پارتی بون کە بە ناوەڕۆکێکی تەم و مژاویەوە دەهاتن بۆ کۆبونەوەکان. هەر لێرەشدا بە بیر پارتی دیموکراتی کوردستان دەهێنینەوە کە هیچ رێککەوتنێکی کۆنکرێتیمان لەگەڵیان نەبوە، چونکە خۆیان هەلی وایان نەڕەخساندو دەیانویست رێککەوتنێکی ناشەفافمان لەگەڵ بکەن."
لەبارەی بەشداری نەکردنی یەکێتیش لەکۆبوونەوەی پەرلەمان ئەمین بابە شێخ دەڵێت، "بەشدارینەکردنی فراکسیۆنی یەکێتی لەیەکەم دانیشتنی عێراق لەبەر هەڵوێستی پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت (راکان جبوری) و کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان بو و ھیچ پەیوەندی بەهەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە نەبوە."
وتەبێژی یەکێتی جەخت دەکاتەوە کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بە رەزامەندی زۆرینەی لایەنەکانی کوردستان و عێراق دیاریکراوە و ئاماژەی بەوەداوە، "لەبارەی دوبارە کاندیدکرنەوەی سەرۆک بەرهەم ساڵح بۆ خولی دوەمی سەرۆکایەتی، پێداگریمان بۆ ئەوەیە کە ئەو وەک پارێزەری دەستوری عێراقی فیدراڵ و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی گەلانی عێراق و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبێت، وەک چۆن هەمیشە نوێنەرانی تری یەکێتی نیشتمانی لەبەغدا بەپێی دەستور ئەم ئەرکەیان جێبەجێکردووە."
باس لەوەش کراوە، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە لەگەڵ یەکڕیزی ماڵی کورد بوەو هەوڵی بەردەواممان دوپاتکردوەتەوە بەڵام کە دڵنیابوین پارتی بەئەجێندایەکی تەم و مژاوی هاتە ناو دانوستانەکان و نێو پرۆسەی سیاسی عێراقەوە، هەستمان کرد ئەو هەوڵانە مەترسیدار دەبن و خزمەت بەپرۆسەی دیموکراسی و مافە دەستوریەکانی گەلانی عێراق و قەوارەی هەرێم ناکات، بۆیە ئێمەش لەڕوانگەی بڕوای نەگۆڕو چەسپاومان بەڕێکارە دەستوری و دیموکراتییەکان لەپرۆسەی سیاسی عێراق کاندیدی پەسەندکراوی خۆمان و بەرەزامەندی زۆر لایەنی تری عێراقی و کوردستانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دیاریکرد".
وتەبێژی یەکێتی ئەوەشی خستوەتەڕو، "دو3وپاتیدەکەینەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەمیشە بڕوای بە پرەنسیبی دیالۆگ ودانوستاندن نەگۆڕە و ئێستاش لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی دەرگای ئەو بژاردەیەمان دانەخستوە بەمەرجێ بۆ رێککەوتنێکی کۆنکریتی بێت".
Your Comment