بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لیوا قارەمان کەمال جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: داعش هێشتا لەناو نەچووە و دەیەوێت وجوودی خۆی بسەلمێنێت، بۆ ئەوەی بڵێت ماوم، بەڵام چالاکیی ئەوتۆی نەماوە دوای دروستبوونی ھەماھەنگی لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکان، چوونکە ئۆپەراسیۆنی بەردەوام ھەیە و هەرچەندە جاروبار ھێرش دەکات، بەڵام چالاکیی کەم بووەتەوە بە ھۆی ھەماھەنگیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق.
ناوبراو گوتیشی، ھەماھەنگییەکە بەردەوام دەبێت و بڕیار دراوە بەردەوام کاری لەسەر بکرێت و زیاتریش بکرێت، بۆ ئەوەی داعش چیتر نەتوانێت زیان بە ناوچەکە بگەیەنێت، چونکە تا ھەماھەنگی بەھێز بێت لە نێوان ھەردوو لادا، چالاکی و ھێرشەکانی داعش لاواز دەبن، بەڵام بتەوێت داعش تەواو بێت، ئەوە زەحمەتە، چونکە ھەر کاتێک بۆیان بڕەخسێت، ھێرشی سەر ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان دەکەن.
جێگری سوپاسالار ڕوونیشی کردەوە، ھەماھەنگییەکان بە جۆرێک بەردەوام دەبن، کە رێگە نەدرێت چالاکییەکانی داعش کاریگەری ھەبێت و ئەگەر کۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵاش نەکرێت لە نێوان فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا، بەردەوامن لە هەماهەنگی، کە ئەمەش گرنگی و کاریگەریی زۆری ھەیە.
Your Comment