ئەگەر کێشەکانی نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی ناوەندی چارەسەر بکرێن قەیرانی سووریا کۆتایی دێت

بەشی سووریا- فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت ئەگەر کێشەکانی نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی فۆران چارەسەر بکرێن قەیرانی سووریا کۆتایی دێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم کۆبانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەلێدوانێکیدا بۆ پەیمانگای واشنتۆن بۆ لێکۆڵینەوەکان لەبارەی دانوستانەکانی نێوان خۆبەڕێوەبەری کوردستانی سووریا و حکوومەتی ناوەندیی سووریا رایگەیاندووە: ئەگەر بێت و کێشەکانی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوای فوڕات چارەسەر بکرێن، ئەوە کێشەکانی سووریا خۆبەخۆ چارەسەر دەبن.

ناوبراو سەبارەت بە پرسی سەربازیی هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی کوردستانی سووریا ئاماژەى بەوە کردووە، "دەبێت رژێمی سووریا وەک خۆی قبووڵیان بکات، بەڵام هێشتا دیمەشق ئەو هەنگاوەی نەناوە".

فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەبەشێکی تری قسەکانیدا رایگەیاندووە "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە و نەپچڕاوە، دەشمانەوێت کێشەکانی نێوانمان چارەسەر بکەین، بەڵام ئەوەی لێی تێگەیشتووین ئەوەیە کە حکوومەتی ئەسەد لەئێستا بۆ ئەو چارەسەرە ئامادە نییە، بەوپێیەی ڕژێم دەیەوێت لەپێگەی سەرکەوتووەوە گفتوگۆ بکات و بڕیارەکانی بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت، واتە گەڕانەوە بۆ دۆخی ساڵی 2011".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەسەدە و هێزە بەرهەڵستکارەکانی سووریا، کۆبانى ئەوەى خستووەتەڕوو کە هێزەکانی سووریای دیموکرات پەیوەندیی لەگەڵ بەشێک لە هێزە بەرهەڵستکارەکانی دەرەوە هەیە، وەک پلاتفۆڕمی قاهیرە و مۆسکۆ، ئەوە جگە لە چەند کەسایەتییەکی دیاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریی، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئیخوان موسلیمیندا نییە.

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات جەختی کردۆتەوە کە ڕێگەنادەن جارێکی تر بارودۆخی ناوچەکانی کوردستانی سووریا بۆ دواوە بگەڕێتەوە، لەبەرئەوەی ئیدارەی خۆسەر ماوەی 10 ساڵە هەیە و دەبێت لەڕووی دەستوورییەوە پەسەند بکرێت.

News Code 4652

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha