سەردار سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس هەمووکات ئامادەبوون گیانی خۆیان ببەخشن لەپێناو پاراستنی هاوڵاتیان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک کۆماری عێراق لە وتارێکدا کە لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی شەهید بوونی سەردار سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس پێشکەشی کرد ڕایگەیاند شەهید قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس هەمووکات ئامادەبوون گیانی خۆیان ببەخشن لەپێناو پاراستنی هاوڵاتیان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق بەشداریی کرد لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی شەهادەتی سەردار قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس و رایگەیاند: ئەو دوو سەرکردەیەی کە شەهیدبوون هەمووکات ئامادەبوون گیانی خۆیان ببەخشن لەپێناو پاراستنی هاوڵاتیان، وەستانەوە دژی ستەمکاری و توندڕەوی، بۆیە لەئێستاشدا کە مەترسییەکانی تیرۆر بەردەوامن پێویستە هەمووان لەپێناوی پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق بەردەوام بن لە هەماهەنگی و کاری بەیەکەوەیی.

سەرۆک کۆماری عێراق لەوتارێکیشدا ئاماژەی بەوە کرد، هەردوو سەرکردەی شەهید بەشداربوون لە تێکشکاندنی داعش و گەڕانەوەی ئاسایش بۆ عێراق، ئەوان باوەڕیان وابوو بەخشینی گیان و شەهیدبوون بەرزترین پلەیە بۆ پشتیوانی لە ستەملێکراوان و وەستانەوە دژی ستەمکاری، بۆیە بەهاوکاری ئەوان و هێزە ئەمنییەکانمان لە سوپا، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، داعش و پلانەکانی لەناوبران و سەرجەم پێکهاتەکان پارێزران.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ هەمووان لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورەدان کە بریتییە لە پاراستنی سەرکەوتنەکان و دووبارەنەبوونەوەی کارەساتەکان، هەروەها رێکگری کردن لەهەموو هۆکارێک کە ئاسایشی عێراق بە ئامانج دەگرێت ئەرکی گشت لایەکە، بۆیە ئەم قۆناغە دەخوازێت کە یەکریزی بین بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و تەواوکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی ریشەیی لەپێناو خزمەتی هاوڵاتیان و ئاسوودەیی گیانی شەهیدان.

بەرهەم ساڵح وتیشی، لەئێستادا هەموو لایەنە سیاسییەکان لەبەردەم یەکەمین کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتدان، حکوومەتی نوێش پێویست دەکات هەوڵەکانی لەپێناوی چاکسازی ریشەیی بخاتەگەڕ و لەئاست داواکاری هاوڵاتیاندا بێت، هەروەها پێویست دەکات کاربکات بۆ دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری تەواو، رێزلێگیراو و رۆڵی ناوچەیی بگێڕێت لەپێناوی بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە.

News Code 4615

Your Comment

You are replying to: .
captcha