بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بۆ چۆنیەتی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق پێویستە لەناوخۆی هەرێمدا گفتوگۆ بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش سبەی شاندی پارتی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆ دەبنەوە.
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆبوونەوەی سبەی پارتی و یەکێتی، کۆبوونەوەی دوو لیژنەیە، یەکێک لە لیژنەکان تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا، باس لەوە دەکرێت ئەو بابەتانە دەبێ لێرەوە کارنامەی لەسەر دروست بکرێت، کە بۆچوونیان چیی بێت بۆ حکومەتی داهاتوی عێراق، هەروەها ئەو مافانەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا هەیەتی، بابەتە گرنگەکانی خەڵکی کوردستان لە کارنامەکەدا جێیبکرێتەوە.
لە بارەی جیاوازیی لە بۆچوونی پارتی و یەکێتی، مەحموود محەمەد وتی: "پڕۆژەیەکی کارنامەی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەکێتی ئامادەکراوە، لەسەر ئەو بابەتە جیاوازیمان نییە، بەڵام پێویستی بە نوێکردنەوەیە کارنامەکە بکەینە کارنامەیەکی کوردستانی، بۆ ئەوەی خاڵە گرنگەکانی لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەکانی بەشدار لە حکوومەت جێبەجێ بکەین".
ناوبراو راشیگەیاند، یەکلاکردنەوەی پۆستەکان پەیوەندی بەو لیژنەیەوە نییە کە کۆدەبنەوە، بەڵکوو پۆستەکان لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی یەکلایی دەکرێنەوە.
Your Comment