لە ماوەی ۱۱ مانگدا بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە ٨۳٦ کەس لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بوونەتە قوربانی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوودا چەکدارانی داعش چەند هێرشێکیان کردەسەر سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە؛ هۆکاری هێرشەکان بۆ هەبوونی  بۆشاییە ئەمنییەکان گێڕایەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی نوێترین ئامار کە رۆژی 26-12-2021 وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی داوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 31-11-2021، "چەکدارانی داعش 229 کردەی تیرۆریستییان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، لە ئەنجامدا 356 کوژراون، 480 بریندار و 33 رفێندراو هەبوون".
بۆ نەهێشتنی ئەو بۆشاییە ئەمنییەش کە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، بڕیاری جیاواز دراون؛ لەوانەش دامەزراندنی لیوای هاوبەش.
جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، "دوو لیوای هاوبەش پێشتر بڕیاریان لەسەر دراوە؛ لیوایەکیان لە پێشمەرگەیە کە ئامادەیە، لیوایەکیان لە سوپای عێراقە؛ لەم ماوەیەدا لیواکەی پێشمەرگە لە بنکەکانی مەشقی وەزارەتی پێشمەرگە مەشقیان کردووە؛ لیوا عێراقییەکەش لە بنکەکانی عێراق مەشقی کردووە. ئەو دوو لیوایە تێکەڵ دەکرێن و دەچنە بنکەکانی حکومەتی عێراق و دواتر رێککەوتن دەکرێت لەسەر ئەو شوێنانەی تێیدا جێگیر دەکرێن".
لێدوانی جیاواز سەبارەت بە رووبەری بۆشاییە ئەمنییەکە هەیە، بەڵام سەرجەمیان کۆکن لەسەر ئەوەی کە زیاتر لە 400 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە.
رۆژی 8ی ئەم مانگە، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دژی چەکدارانی داعش بەڕێوەچوو. لە ئەنجامدا دەست بەسەر چەندین حەشارگە و بڕێک لە چەک و پاشماوەی دیکەی رێکخراوە پەڕگیرەکەدا گیرا.
تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، "ناوەندەکانی هاوئاهەنگیی هاوبەش لە نێوان ئێمە و هەرێمدا کە دروستکراون شەش ناوەندن: لە نەینەوا، مەخموور، کەرکووک، خانەقین و ناوچەکانی دیکە؛ ئامانجەکەی بەردەوامیدانە بەو هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش و ئیدارەی هاوبەشەی لەنێوان ئێمە و برایانی هەرێمی کوردستاندا
هەیە.

News Code 4509

Your Comment

You are replying to: .
captcha