پەرلەمانی کوردستان لەماوەی ساڵێکدا تەنها چوار پڕۆژەیاسای پەسەند کردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئینستوتی پەی ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەدای کاری ساڵێکی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و بەپێی ڕاپۆرتەکە لەماوەی ساڵێکدا، 61 کاتژمێر کۆبووەتەوە و تەنها چوار پڕۆژەیاساشی پەسەند کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئینستوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان ڕاپۆرتێکی لەسەر پوختەی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان لەماوەی یەک ساڵدا بۆ هەردوو خولی بەهارە و پاییزە لە (1ی ئازاری 2020 بۆ 28ی شوباتی 2021) بڵاو کردەوە و تێدا هاتووە: "لەو ماوەیەدا ژمارەی دانیشتنەکانی پەرلەمان 19 دانیشتن بووە و ژمارەی کۆبوونەوەی دواخراو چوار دانیشتن بووە و لەو 19 کۆبوونەوەیەش ژمارەی بڕگەکانی کار 45 برگە بووە و ژمارەی بڕگەی کار جێبەجێکراو 39و ژمارەی بڕگەی کار و جێبەجێنەکراو هەشت بووە.

کاتی دانیشتنەکانی پەرلەمان لەماوەی ئەوساڵەدا 61 کاتژمێر و 20 خولەک بووە و ژمارەی پڕۆژە و پێشنیازە یاسا و بڕیار کە خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە لەو ماوەیەدا نۆ بووە و ژمارەی یاسای پەسەندکراویش چوار یاسا بووە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لەماوەی یەکساڵدا پەرلەمان داوای 14 ئەندامی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە لەهۆڵی پەرلەمان ئامادەبن کە بریتی بوون لە سەرۆکی حکوومەت، جێگری سەرۆکی حکوومەت، وەزیری دارایی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، ناوخۆ، کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، دارایی، تەندروستی، بەڵام نۆ یان ئامادەنەبوون کە بریتی بوون لە وەزیرەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و وەزیری ناوخۆ و وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی‌ و دارایی ‌و تەندروستی.

لەبارەی ژمارەی کۆبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەمان، بەپێی ڕاپۆرتەکە لیژنەکان 204 کۆبوونەوەیان کردووە و ژمارەی راپۆرتی لیژنەکان لەسەر پڕۆژەیاسا نووسراو چوار ڕاپۆرت بووە و ژمارەی ڕاپۆرتی لیژنەکانیش لەسەر پڕۆژەیاساکان کە پێویست بوو بنووسرێت ‌و نەنووسراوە 15 بووە.

News Code 4453

Your Comment

You are replying to: .
captcha