وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریکا کۆبوونەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریکا لەگەڵ وه‌زیری پێشمه‌رگه کۆ بوویەوە و ڕایگەیاند ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی پشتیوانی کردنی هێزەکانی پێشمەرگە.

کوردپرێس: بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێشوازیی له‌ ماسیۆ توله‌ر، باڵێوزی ئه‌مریکا له‌ عێراق و شاندێکی دیبلۆماسی و سه‌ربازی باڵای ئه‌و وڵاته‌ کرد.

له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا، که‌ سه‌ربه‌ست له‌زگین، بریکاری وه‌زاره‌ت و فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌ت و راوێژکاران و ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌فسه‌رانی پله‌ باڵای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و راوێژکارانی باڵای سه‌ربازی سوپای ئه‌مریکا ئاماده‌ی بوون، گفتوگۆ له‌سه‌ر دوایین پێشهات و رووداوه‌کانی ناوچه‌که ‌و میکانیزمه‌کانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش کراوە.

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند: "به‌رده‌وامیدان به‌ هاوئاهەنگی و هاوکارییه‌کانی سوپای ئه‌مریکا بۆ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌، دووپاتکردنه‌وه‌ی به‌ڵێن و په‌یمانی به‌رده‌وامیدانه‌ به‌دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان گه‌لی کورد و گه‌لی ئه‌مریکا".

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ گوتی: "له‌ده‌ستپێکی شه‌ڕی دژ به ‌تیرۆریستانی داعش، سوپای ئه‌مریکا هاوشانی هێزی پێشمه‌رگه ‌و وڵاتانی هاوپه‌یمانان رۆڵی گه‌وره‌ و کاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌ تێکشکاندن و راوه‌دوونانی تیرۆریستان له‌ته‌واوی ناوچه‌که‌دا، ئێمه‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌هاوکاری و هاوئاهەنگییه‌کانی ئه‌مریکا ده‌ڕوانین".

له‌سه‌ر پرسی چاکسازی له ‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ روونیکرده‌وه‌، "چاکسازی پڕۆسه‌یه‌کی حه‌تمیه‌ و به‌رده‌وامە، هەرچەندە له‌مپه‌ر و ئاسته‌نگه‌کان زۆریش بن، به‌ڵام ئیراده‌ی سه‌رکه‌وتن و جێبه‌جێ کردنی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ به‌هێزتره‌ و له‌ جێبه‌جێ کردنیشی ناوه‌ستین".

بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەت، باڵیۆزی ئه‌مریکا له‌ عێراق و وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، "گفتوگۆی به‌رهه‌مدار"یان له‌سه‌ر گرفته‌کانی سه‌ر رێی پڕۆسه‌ی چاکسازی کرد و له‌مباره‌یه‌وه‌ باڵیۆزی ئه‌مریکا دووپاتیکرده‌وه‌، "وه‌ک ئه‌مریکا به‌رده‌وام ده‌بن له ‌نه‌هێشتنی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی دێنه‌ به‌رده‌م پرۆسه‌ی چاکسازیی پێشمه‌رگه".

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ رایگەیاندووە: "له‌ئێستا دڵنیایی زیاتر له ‌نێوان هه‌ردوولا هه‌یه‌ و ئێمه‌ چه‌ندین جار ده‌ستپێشخه‌ریمان کردووه‌ له‌گه‌یشتن به‌رێککه‌وتنی کۆتایی، که‌ ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی به‌قازانجی سه‌قامگیری ئه‌و ناوچانه‌ ته‌واو ده‌بێت، که‌ بۆشایی ئه‌منی تێدایه‌ و لێره‌و له‌وێ تیرۆریستان ده‌رفه‌ت وه‌رده‌گرن و خه‌ڵکی بێ تاوان ده‌که‌نه‌ ئامانج".

News Code 4450

Your Comment

You are replying to: .
captcha