٩٠٪ی چەکدارانی گرووپە میلیشیاکان لە شنگال خەڵکی بیانین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شنگال دەڵێت پێشتر چوار هەزار کوردی ئێزدی لەناو گرووپە ناشەرعییەکاندا چالاکییان هەبوو، بەڵام ئێستا تەنیا هەزار کەسیان لەگەڵیان ماون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەمبارەوە قاسم دەربۆ، ئەندامی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شنگال بە باسنیووز-ی ڕاگەیاندووە: "ئیستا ٩٠٪ی چەکدارانی گرووپە ناشەرعییەکان لە چیای شنگال، خەڵکی بیانین و تەنانەت عەرەبیش لەناو گرووپە ناشەرعییەکانیشدا هەن، بەتایبەتی لەلایەن پەکەکەوە وەرگیراون".

ئەو فەرماندەیە ئاماژەی بەوەش کرد: "زۆربەی ئەو کەسانەی کە خەڵکی شنگال بوون و پێشتر لەگەڵ ئەو گرووپانە کەوتبوون، ئێستا وازیان لێ هێناون، چوونکە خەڵکی شنگال گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە ئەو گرووپە ناشەرعییانە بۆ مەرام و ئامانجی سیاسیی خۆیان لەناو شنگال جێگیر بوون و هەتا ئێستاش ئەو گرووپە بیانییانە قەزای شنگالیان چۆڵ نەکردووە".

قاسم دەربۆ ئاماژەی بەوەش کرد: "ئامانجی ئەوان ئەوەیە، تەناهی و سەقامگیری لەناو شەنگال جێگیر نەبێت، چوونکە باش دەزانن ڕۆژێک دادێت شنگال لەدەستیان نامێنێت، بۆیە کار بۆ تێکدانی ڕەوشی شنگال و ئاڵۆزکردنی زیاتری دەکەن".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 434

Your Comment

You are replying to: .
captcha