بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای سەردانی كردنی كەسوكاری عەقید موراد كانی كوردەیی و پاسەوانەكانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا لاهوور شێخ جەنگی ڕایگەیاند: ئەوەی زیاتر ئێمە و ئێوەشی نیگەران کردووە ئەوەیە کە ئەم تاوانە لە لایەن نەیار و دوژمنەکانمانەوە نەبووە، بەڵکوو لە لایەن دۆست و هەڤاڵانی خۆمانەوە بڕیاری لێدراوە و بە دیاریکراویش چەند کەسێکی نابەرپرسی ئەمنیی حزبەکەی خۆمان بەرامبەر کەسێک ئەنجامیان داوە کە جگە لەوەی کادر و فەرماندەیەکی دڵسۆز و بە ئەمەک بووە بۆ حزبەکەی، خاوەن سێ برای شەهیدە.
لاهوور شێخ جەنگی دەپرسێت، باشە چۆن دەبێت ئاوا بێوەفا بین بەرامبەر بە خوێنی شەهیدان و لە پێناو پلە و پۆست و ویستی شەخسی؟ دەست بدەینە ململانێیەکی سیاسیی ناشەریفانە و دەستمان سوور بێت بە خوێنی هاوڕێ و هەڤاڵەکانی خۆمان و هەرچی لەگەڵمان نەبوو یان بە دڵی ئێمە نەبوو، هەڵبکوتینە سەری و بە تۆمەتی بێبنەما و ناڕەوا دەستگیریان بکەین و کادری یەکێتیی لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا تیرۆر بکەین.
ناوبراو دەشڵێت: خۆم بە شەرمەزار دەزانم بەرامبەر کەسوکاری شەهیدان و هەموو یەکێتییەکی دڵسۆز بۆ ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی لەم چەند مانگەی ڕابردوودا لە ژێر ناوی (یەکێتیی نوێ) ڕوویانداوە، لێرەوە ڕایدەگەیەنم یەکێتییەکەی مام و حزبی شەهیدان ئەو یەکێتییەی ئێستا نییە و بەندەش هەرگیز نابێت بە بەشێک لەو (یەکێتییە نوێیە)ی کە ئێستا هەندێک وا ناوزەدیان کردووە.
جەنگی جەخت دەكاتەوە، هەرگیز ڕێگەنادەن خوێنیان بە فیڕۆ بروات و دووپاتیدەكاتەوە، باشترین هەنگاو کە بنرێت بۆ ڕەواندنەوەی بەشێکی کەمی تووڕەیی و خەم و ئازاری خێزان و بنەماڵەی ئەو شەهیدانە، ڕادەست کردنی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانەیە و بە سزاگەیاندنیانە لە دادگایێکی عادیلانە.
Your Comment