داعش لە 10 مانگی ئەمساڵدا زیاتر 206 هێرشی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان ئەنجام داوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا چەکدارانی داعش 206 کردەوەی تیرۆریستییان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی بە تۆڕی میدیایی رووداودا راگەیاندووە "ئێمە لەم ماوەیەدا لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ لایەنەکانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بەتایبەت فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان زۆر داکۆکیمان کردووە لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەو ناوچانەی کە ئێستا بوونەتە مۆڵگەی تیرۆریستانی داعش؛ چەکدارانی داعش لەو ناوچانەدا هێرش دەکەنەسەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.

جەبار یاوەر گوتیشی: "زۆربەی بۆشاییە ئەمنییەکان زیاتر لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن لە پارێزگاکانی دیالە، سەڵاحەدین، کەرکووک و بەرەو ناوچەکانی مەخموور؛ ئەو بۆشاییانە لە نێوان هێڵی دابەش بوونی هێزەکانی پێشمەرگە و هێڵی دابەش بوونی هێزەکانی عێراقن، کە نزیکەی 560 کیلۆمەتر درێژە و لە خانەقینەوە دەستپێدەکات تاوەکوو ناوچەی سحێلا.

ناوبراو وتیشی: پانتایی ئەو بۆشاییانەش لە چەند شوێنێک دەگاتە 40 کیلۆمەتر؛ بۆیە دەبێ کارێک بکرێت بۆ لەنێوبردنی مۆڵگەکانی داعش و پاراستنی ئەو ناوچانە بە هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق، نەوەک تەنیا ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن و دواتر بکشێنەوە، ئینجا داعش بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە".

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد کە "بەراورد بە ساڵی 2020، لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تەنیا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، داعش 206 کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام داوە، کە بەهۆیانەوە 837 کەس شەهید و بریندار و رفێندراون لەو ناوچانە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2020 دا بە گشتی 230 کردەی تیرۆریستییان ئەنجامدا، کە بەهۆیانەوە 812 کەس شەهید و بریندار و رفێندران."

News Code 4312

Your Comment

You are replying to: .
captcha