داود ئۆغڵو بۆ ئه‌ردۆغان: بۆ خاتری خوا چیتر قسە مەکە

بەشی تورکیا- ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "دابەزینی بەهای لیرە بەهۆی پیلانگیڕیی دەرەکییەوەیە"، سەرۆکی پارتی ئایندەش له‌توركیا ده‌ڵێت:"هەر لەگەڵ دەرکەوتنی سەرۆک کۆمار لەشاشەی تەلەفزیۆنەکان، بەهای دۆلار 13 لیرەی تێپەڕاند، بۆ خاتری خوا چیتر قسەمەکە".

کوردپرێس:

ئەردۆغان لەکاتی پێشکەشکردنی وتارێک بۆ کوتلەی ئاکەپە لەپەڕلەمانی تورکیا وتی:"ئەوەی دوێنێ ئەردۆغان لێرە وتی، ئەمڕۆش هەمان شت دەڵێتەوە، هەموو جیهان دەزانێت کە تاچەند لەبەرزبونەوەی بەهای سوو پەست‌و بێزارم، هەرگیز پشتیوانی سوم نەکردوەو ئەمڕۆو سبەیش نایکەم، بەڵام ئێوە ئەوانەی پشتیوانی ئینتیداب بەسەر تورکیاوە دەکەن دەتانەوێت وڵات مایەپوچ بێت‌و کۆتایی بێ‌و وێران بێت".

ئەوەش وەک هێرشکردنێک لێكدرایه‌وه‌ بۆسەر لایەنە بەرهەڵستکارەکانی تورکیا کە دژی سیاسەتە ئابورییەکانی حکومەتەکەی پارتی دادو گەشەپێدان دەنگیان هەڵبڕیوە.

ئەردۆغان لەبەشێکی تری قسەکانیدا وتی:"ئێمە لەنزیکەوە چاودێریی کاریگەرییە نەرێنییەکانی دابەزینی بەهای لیرە دەکەین، لەگەڵ ئەوەی دەزانین کە بەشێک لەو بەرزبونەوەیەی نرخەکان پەیوەندی بەهەڵبەزو دابەزە جیهانییەکانەوە هەیە، بەڵام لەوباوەڕەداین کە بەشێکی زۆر لەزیادبونی بەهای کەلوپەلەکان لەبازاڕدا هیچ شیکردنەوەیەکی لۆژیکی هەڵناگرێت، ئەوش ئەوەمان بۆ ڕوندەکاتەوە کە ئێمە لەسەردەمێکدا گوزەر دەکەین کە قەیرانی ئابوریی جیهانیی‌و گۆڕانکاریی لەئابوری وڵاتەکەمان پێکەوە ڕوودەدەن".

لەدوای لێدوانەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بەشێک لەلایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا هێرشیانکردەسەر ئەردۆغان‌و تۆمەتباریانکرد بەوەی، هەرکاتێک ئەو قسەدەکات بەهای لیرە زیاتر دادەبەزێت.

وەک ئەوەی ئەحمەد داود ئۆغڵوی سەرۆکی پارتی ئایندە لەهەژماری تویتەری خۆیدا نوسیویەتی:"هەر لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵی دەرکەوتنی بەڕێز سەرۆک کۆمار لەشاشەی تەلەفزیۆنەکان، بەهای دۆلار 13 لیرەی تێپەڕاند، لەگەڵ قسەکردنی بەرزبووەوە بۆ 14 لیرە، ئەم قسەکردنە وەکو هێرشێک بوو بۆسەر بەهای لیرە، بۆ خاتری خوا چیتر قسەمەکە".

هەروەک فایەق ئۆزتراک وتەبێژی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەتویتێکدا نوسیویەتی، "دوای لێدوانەکانی ئەردۆغان وایانکرد قەرزی دەرەکیی تورکیا 192 ملیار لیرەی بچێتەسەر".

News Code 4297

Your Comment

You are replying to: .
captcha