بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی درەو میدیا بڵاوی کردەوە دوێنێ لە پیرمام مەسعوود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی كۆبووەوە.
مەسعوود بارزانی بە تیمی پەرلەمانی پارتی راگەیاندووە، كە دەبێت بەزووترین كات دەستوری هەرێم ئامادە بكرێت و لە 2022 بخرێتە راپرسیەوە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش مەسعوود بارزانی رایگەیاندووە دەبێت هەڵبژاردن لەكاتی خۆی ئەنجام بدرێت و كۆمسیۆنێكی نوێ درووست بكرێت ئەگەر لایەنەكان لەسەر پێشنیازەكانی پارتی رازی نەبوون ئەوا 9 دادوەر دابنرێت بۆ كۆمسیۆن.
ئەگەرچی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە وادەی خۆیدا، بەڵام بەپێی بارودۆخی ناوخۆییان یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان خوازیارن هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت.
بەڵام نەوەی نوێ و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە دەنگ و كورسیەكانیان لە پەرلەمانی عێراق زیادیان كرد لەگەڵ هەڵبژاردنن لەوادەی خۆی، خوازیاری هەڵبژاردنی كۆمسیۆنێكی نوێشن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان.
Your Comment