سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: زیاتر لە 50٪ی شێوازەکانی توندوتیژی لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە ئەنجام دەدرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، نیوەی ئەو تووندوتیژییانە بەهۆی ئامێرەکانی پەیوەندی و لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە بووە، ئامارەکانی تووندوتیژی لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا هەڵکشان و داکشانی بەخۆیەوە بینیوە و پێیوایە بوونی کەلێن و کەموکوڕی لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزان هۆکاری هەڵکشانی تووندوتیژییەکان بووە.

کوردپرێس:

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند" رۆڵی میحوەری و کاریگەر بگێڕێت لەوەی کە تێکڕای پرۆژە و پێشنیار و راسپاردەکانی کۆنفرانس لە قۆناخی خوێندنەوەی وتاری سەنگینەوە بچێتە قۆناخی کردارەکی و جێبەجێکردنەوە، ئەویش لە رێگەی بەهەند وەرگرتنی راسپارەدەکان و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی لەبارەیانەوە و بەکارهێنانیان لە داڕشتنی یاسا و رێساکان و ئاراستەکردنی سیاسەتی گشتیدا".

سەرۆکى پەرلەمان ئاماژەى بەوەش کردووە، شێوازەکانی تووندوتیژیی دژ بە ژنان راگەیێندراو و رانەگەیێندراو، ئاشکراکراو و ئاشکرانەکراو، لەسەر ئاستی تاک و خێزان و کۆمەڵگە و شەقام و شوێنکار بە شێوەیەکی بەرچاو بەدیدەکرێت، ئامارەکانی تووندوتیژیش لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا مایەی نیگەرانین لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە هەرچەندە هەڵکشان و داکشانیش بەخۆیەوە دەبینن.

رێواز فایەق باسى لەوەش کرد، لەم ساڵانەی دواییدا شێوازی تووندوتیژییەکان گۆڕان، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و زیادبوونی ژمارەی بەکارهێنەرانی ئەگەر بە دیوێکیدا دەروازەیێک بێت بۆ کرانەوە بە رووی جیهاندا بە دیوێکی دیکەدا بووەتە ئامرازێکی کاریگەر لە ئەنجامدانی تووندوتیژیدا".

هەروەها سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئامارێکى خستەڕوو کە دەڵێت، بە پشتبەستن بە ئامارەکانی دامەزراوە فەرمییەکان زیاتر لە 50٪ی شێوازەکانی تووندوتیژی بە ئامێرەکانی پەیوەندی و لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە ئەنجام دەدرێت.

د. رێواز فایەق لەرووی یاساییەکەشەوە دەڵێت"لە ئەنجامی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە دەرکەوتووە کە پێویستی بە هەموارکردن هەیە. بۆ ئەو مەبەستەش پەرلەمانی کوردستان رۆژی 23-11-2021، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیازە یاسایەکی نوێ کردووە کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکراوە"

News Code 4246

Your Comment

You are replying to: .
captcha