شاندی دانوستانکاری هەرێم لە هیچ دانیشتنێکدا باسی ئامادەیی بۆ ڕادەست کردنی نەوتی نەکردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان-هۆشیار عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌فراكسیۆنی گۆڕان ڕایگه‌یاند، " وەفدی هەرێم لە هیچ کوێ و لە هیچ کۆبونەوەیێکدا نەیانگوتوە ئامادەین نەوت رادەست بکەین، کاک قوباد گوتویەتی ئێمە لێرەین بۆ جێبەجێکرنی یاسای پرکردنەوەی کورتهێنانی دارایی".

کوردپرێس:

هۆشیار عه‌بدوڵڵا له ‌نووسینێكدا به‌ناونیشانی "سێ راستی گرنگ سەبارەت بە وەفدەکەی هەرێم و مووچە" ڕایگه‌یاندووه‌ "وەفدی هەرێم لە هیچ کوێ و لە هیچ کۆبونەوەیێکدا نەیانگوتوە ئامادەین نەوت رادەست بکەین، کاک قوباد گوتویەتی ئێمە لێرەین بۆ جێبەجێکرنی یاسای پرکردنەوەی کورتهێنانی دارایی مادەی حەوت ئەو مادەیەش باسی ئەقیام واتا قیمەت و داهاتی نەوت دەکات".

ده‌شڵێت " کاتێک لای سەرۆک کۆمار و سەرۆک فراکسێۆنەکان باسکراوە ئایا نەوت رادەست دەکەن یان نا ؟! کاک قوباد گوتویەتی ئەو بریارە لە دەسەڵاتی ئێمە گەورەترە".

ده‌قی نووسینه‌كه‌:

(باسی داهاتی نەوت کراوە نەک نەوت)

یەک: وەفدی هەرێم لە هیچ کوێ و لە هیچ کۆبونەوەیەکدا نەیانگوتوە ئامادەین نەوت رادەست بکەین، کاک قوباد گوتویەتی ئێمە لێرەین بۆ جێبەجێکرنی یاسای پرکردنەوەی کورتهێنانی دارایی مادەی حەوت ئەو مادەیەش باسی ئەقیام واتا قیمەت و داهاتی نەوت دەکا.

ئەم قسەیەی لە هەمو جێگەیەک باسکردوە، کاتێک لای سەرۆک کۆمار و سەرۆک فراکسێۆنەکان باسکراوە ئایا نەوت رادەست دەکەن یان نا ؟! کاک قوباد گوتویەتی ئەو بریارە لە دەسەڵاتی ئێمە گەورەترە. ئەو قسانەی کە کران گوایە وەفدەکەی هەرێم بە هەمو مەرجێکی عێراق رازیبون و توشی شۆکیان کردون زیادە رۆییبون. هەر ئەسڵەن پێویست نیە بە هەمو مەرجێک رازی بن، دانوستان ئاڵای سپیی هەڵکردن نیە، ئەرک و مافیی دەستورییە.

((موازنەی ۲٠۲۱ بۆ هەرێم زۆر باشە ئەگەر هاوکارمان بن تێپەڕبێ))

دوو: سەبارەت بە موازەنەی ۲٠۲۱ ئەو پشکەی بۆ هەرێم دانراوە کە نزیکەی دوانزە ترلێۆن و نیو شتێکی باشە، ئەو مادانەشی باسی نەوت و داهاتی هەرێم دەکەن نزیکن لە برگە و مادەکانی موازەنەی ساڵی ۲٠۱۹ ەوە، ئەوەش لەبەرژەوەندی هەرێمە، ئێمە هەمو هەوڵیک ئەدەین تێپەربێ، بەڵام هەر لەگەڵ بڵاوبونەوەی نوسخە دزەپێکراوەکە دەرکەوت لەسەر مادەکانی هەرێم دژایەتی زۆر هەیە. دەبێ لە ئێستاوە مشوری بخورێ نەک شەوی دەنگدان.

(پلانی سەرەکی کابینەی نۆ رێکەوتنە یان موچە برین)

سێ: پێشتریش نوسیومە دوبارەی دەکەمەوە، هیوادارم ستراتیژی کابینەکەی کاک مەسرور ئەوە نەبێ کە لە کۆنگرە رۆژنامەنوسیەکەی ئەم دواییە گوتی و باسی لەوە کرد ئەگەر رێک نەکەوتین بەلێبرێکی زۆرەوە موچە ئەدەین، هیوادارم لەسەر مەلەفی نەوت گفتوگۆبکەن لە چوارچیوەی مافە دەستوریەکاندا، دوای دەسکاری بەهای دیناری عێراقی چیتر خەڵکی هەرێم ناتوانێ بێموچە بێ. دەبێ ئەولەویەتی حکومەت دابینکردنی موچە بێ، دەبێ نەوت بکەنە قوربانی خەڵک نەک خەڵک هێندەی تر بکەنە قوربانیی نەوت. و نەوتیش بۆ گیرفانی خۆیان ئاوەدانیی و کۆشک و تەلار و دۆلار بێ، بۆ گیرفانی خەڵکیش وێرانیی و بێموچەیی و قاتی و قڕان بێ.

News Code 416

Your Comment

You are replying to: .
captcha