کوردپرێس:
ڕۆژی پێنجشەممە 18ی نۆڤێمبێری 2021، لەدوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆک و نوێنەری فراکسیۆنەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفڕاسێکی رۆژنامەنوسیدا، کاوە عەبدولقادر جیگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ناوەڕۆکى کۆبوونەکەى ئاشکرا کرد.
کاوە عەبدولقادر ئاماژەی بەوەکرد، نەوەی نوێ پێیوایە لە ئێستادا باسکردنی پرسی دەستور نەگونجاوە و کۆمەڵێک پرسی گرنگتر هەیە قسەی لەبارەوە بکرێت وەک، بەهێزکردنەوەی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان و سەروەرکردنی یاسا.
باسی لەوەش کرد، پێویستە گۆڕانکاری لە ئەنجوومەنی کۆمسیاراندا بکرێت و سەرجەمی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کە ژمارەیان نۆ کەسە پێویستە دادوەر بن.
لەبارەی یاساکانی هەڵبژاردنیشەوە وتی: "پێشنیاری ئێمە ئەوەیە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێمدا، هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەدا دابەش بکرێت".
جەختیشی کردەوە نەوەی نوێ بەگرنگی دەزانێت وادەی هەڵبژاردن دوا نەخرێت و لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت بە سەرپەرشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان.
هاوکات لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا روپاك ئهحمهد، ئهندامی فراكسیۆنی كۆمهڵی دادگهری دیدى فراکسیۆنەکەى بۆ هەڵبژاردن و دەستوورى هەرێمى کوردستان خستەڕوو، ئاماژەى بەوە کرد کە ئەوان لەگەڵ ئەوەن هەرێمی کوردستان دەستوری خۆی هەبێت و ئەو لیژنە ٢١ کەسییەی لە رابردوو هەبووە و ٧٤ ماددەی دەستوری نوسیوەتەوە، ئەو ٧٤ ماددە بکرێتە بنەما و لیژنەکە لەسەر بنەمای سازان بریاربدا و ئەو ماددانەی تەواوکەرن بنوسرێتەوە.
وتیشى "ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان کەم بکرێتەوە و یەک کورسی نوێنەرایەتی ١٠٠ هەزار دەنگ بکات و ژمارەی کورسییەکانی کۆتای پێکهاتەکان کەمبکرێتەوە بەڕەچاوکردنی ژمارەیان لە هەرێم و تۆمارێکی تایبەتیان هەبێت و تەنها خۆیان دەنگ بە خۆیان بدەن".
داواشى کرد کە "تۆماری دەنگدەرانی عێراق بکرێتە بنەما بۆ هەرێم و پاک بکرێتەوە لە ناوی مردووان، و تۆماری دەنگدانی تایبەت تەنها ئەو ١٥ هەزار کەسەی تێدا بێت کە لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا لە ئەرکدان و ئەوانی دیکە بخرێنەوە سەر تۆماری گشتی".
Your Comment