ڕەئیسی: یه‌کپارچه‌یی عێراق بابه‌تێکی ستراتیژیه‌ و جێگه‌ی سازشکردن نییه‌/ کازمی: هه‌ڵوێستی ئێران بۆ عێراق هه‌میشه‌ جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌قامگیری و ئاسایش بووه‌

بەشی ئێران- ئیبراهیم ڕه‌ئیسی سه‌رۆک کۆماری ئێران له‌ پێوەندییەکی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ مسته‌فا کازمی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند یه‌کپارچه‌یی عێراق بابه‌تێکی ستراتیژیه‌ و جێگه‌ی سازشکردن نییه‌، پێویستیشه‌ هه‌مو ئه‌گه‌ره‌کان به‌کاربهێنرێن بۆ ئارامکردنه‌وه‌ و سه‌قامگیری عێراق.

کوردپرێس: به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی نووسینگه‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئێران، له‌ گفتوگۆیه‌کی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ مسته‌فا کازمی، ئیبراهیم ره‌ئیسی ئاماژه‌ی به‌ په‌یوه‌ندییه‌ مێژویی و به‌هێزه‌کانی نێوان عێراق و ئێران کردوه‌ و جه‌ختیکردوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی، "ئێران له‌ته‌نیشت گه‌ل و حکوومه‌تی عێراق ده‌وه‌ستێت.

ئیبراهیم ره‌ئیسی وتیشی، "دوژمنانی گه‌لانی ناوچه‌که‌ چاویان به‌ ئاسایش و سه‌قامگیری و خۆشگوزه‌رانی عێراق هه‌ڵنایه‌ت، کارده‌که‌ن بۆ ئامانجه‌ خراپه‌کانیان به‌ ئاراسته‌ی نانه‌وه‌ی فیتنه‌ و ئاژاوه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ هۆشیاری به‌رامبه‌ر ئه‌و پیلانگێڕیانه‌ هه‌بێت".

سه‌باره‌ت به‌ سه‌روه‌ری خاکی عێراقیش، سه‌رۆکی ئێران وتی، "یه‌کپارچه‌یی عێراق بابه‌تێکی ستراتیژیه‌ و جێگه‌ی سازشکردن نییه‌، پێویستیشه‌ هه‌مو ئه‌گه‌ره‌کان به‌کاربهێنرێن بۆ ئارامکردنه‌وه‌ و سه‌قامگیری عێراق".

له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانیشیه‌وه‌، ئیبراهیم ره‌ئیسی وتی: "ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ده‌ستکه‌وتێکی گرنگ بو له‌ به‌ده‌ستهێنانی مافی گه‌لی عێراق بۆ دیاری کردنی چاره‌نووسی وڵاته‌که‌یان له‌ ڕێگه‌ی سندووقی ده‌نگدانه‌وه‌".

ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌باره‌ت به‌کێشه‌کانی دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق وتی: "ئێران له‌ ڕێگه‌ی سیاسی و یاساییه‌وه‌، پشتگیری چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌کات".

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌، مسته‌فا کازمی، ستایشی پشتیوانی ئێرانی بۆ گه‌لانی عێراق کرد و جه‌ختی کرده‌وه‌، هه‌ڵوێستی ئێران بۆ عێراق هه‌میشه‌ جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌قامگیری و ئاسایش بووه‌.

News Code 4125

Your Comment

You are replying to: .
captcha