کوردپرێس:
رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌میانی به‌شداریكردنی له كۆڕبه‌ندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رایگه‌یاند، عێراق پێویستی به سه‌قامگیری هه‌یه له رووی پاراستنی سه‌روه‌ری سنووره‌كان، هه‌مه‌چه‌شنكردی سه‌رچاوه‌كانی داهات، قه‌بووڵكردنی ئه‌وه‌ی سیسته‌می عێراق بووه‌ته فیدراڵی.
.رێواز فایه‌ق گوتی: به‌شێوه‌كی گشتی كاتی هه‌ڵبژاردن هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان روئیا و بڕوای خۆیان هه‌یه، بۆ خستنه‌ڕووی بیروڕایه‌ش رێچكه‌یه‌كی دیاریكراوی هه‌یه و له‌كاتی هه‌ڵبژاردندا پایه‌ندی ده‌بێت، ئه‌و جیاوازییه هه‌ر هێزێكی سیاسی هه‌یه‌تی، ده‌یخاته به‌رده‌م ده‌نگده‌ر، خۆی ئازاده به چ شێوه‌یه‌ك ده‌یخاته‌ڕوو، به‌ڵام دوای هه‌ڵبژاردن هه‌لومه‌رجێكی دیكه دێته پێش، كه هه‌لومه‌رجی كاركردنی پێكه‌وه‌ییه.
گوتیشی: ئه‌مه به‌و مانایه نییه، كه هێزه سیاسییه‌كان جیاوازییه‌كانیان به ته‌واوه‌تی سڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵكو جیاوازییه‌كانیان ده‌مێنێت، به‌ڵام بابه‌تی گرنگتر به‌رژه‌وه‌ندی باڵا درووست ده‌بێت، ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه باڵایه واده‌كات ئه‌و گرژییه‌ی له‌كاتی هه‌ڵبژاردندا درووست ده‌بێت، ئارام ببێته‌وه، نوخبه‌ی سیاسی ئه‌وه‌نده ئه‌وه عه‌قڵیانیه‌تییه‌ی تێدایه، كه ناكرێت ئه‌و گرژییه‌ی له‌كاتی هه‌ڵبژاردن هه‌یه، بۆ دوای هه‌ڵبژاردن بیگوازێته‌وه، بۆیه پڕۆسه‌ی سیاسی پێویست به ئارامی زیاتر و عه‌قڵیانیه‌تی زیاتر هه‌یه.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه كرد، له‌م كۆڕبه‌نده‌یه‌دا پێمباشه ته‌نیا باسی 3 ره‌گه‌زی سه‌قامگیری له عێراق بكه‌م، له‌و روانگه‌یه‌ی عێراق ده‌توانێت ببێته هه‌وێنی سه‌قامگیری له ته‌واوی ناوچه‌كه، نوخبه‌ی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان له ساڵی 2003 به‌ده‌ستپێشخه‌ریی خۆیان و ئیراده‌ی خۆیان به‌شداربوون له بونیادنانه‌وه‌ی عێراقێكی نوێ، وه‌رگرتنی ئه‌م ئێراده‌یه له رووی جه‌ماروه‌رییه‌وه بوو، كه گه‌لی كوردستان ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌ستوور دا، واتا گه‌لی ئێمه ئاره‌زوومه‌ندانه قه‌بووڵی كردووه، جارێكی دیكه له‌گه‌ڵ عێراقێكی نوێ مامه‌ڵه بكات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه ئاره‌زوومه‌ندانه له‌ناو دیباجه‌ی ده‌ستووری عێراقه‌وه‌ی جێگیركراوه، هه‌موومان پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین ده‌ستووره‌كه وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام راستییه‌ك هه‌یه، ئه‌ویش كه ده‌بێت ئێمه شتێكی دیكه له‌خۆماندا بگۆڕین، واتا ده‌بێت نوخبه‌ی سیاسی له عێراق و ئه‌و نوخبه‌یه‌ی له عێراق حكوم ده‌كات، بڕوا به‌خۆی بێنێت، كه ئه‌و وڵاته له سیسه‌ته‌مێكی مه‌ركه‌زییه‌وه گۆڕانكاری له‌سه‌رداهاتووه، كه بووه به ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵی، پێویسته ئه‌م گۆڕانكارییه ره‌نگدانه‌وه‌ی له هه‌موو جومگه‌كاندا هه‌بێت.
رێواز فایه‌ق روونی كرده‌وه، بۆ ئه‌وه دوو نموونه ده‌هێنمه‌وه، كه له خولی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، یاسای هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان ده‌رچوێنرا، كه پێشێلكاری ده‌ستوور بوو، ئێمه‌ش له په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه تانه‌مان لێیدا، یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تیش له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌رچووێنرا، به‌هۆی په‌ككه‌وتنی دادگای فیدراڵییه‌وه نه‌مانتوانی كاری له‌سه‌ر بكه‌ین.
روونیشی كرده‌وه، ئێمه عێراقێكی به‌هێزمان ده‌وێت له رووی سیاسییه‌وه، له رووی ئابوورییه‌وه، عێراقێك بتوانێت له رووی سیاسییه‌وه سه‌روه‌ریی سنووره‌كانی خۆی بپارێزێت.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان راشیگه‌یاند، ره‌گه‌زێكی دیكه بۆ سه‌قامگیری، گرنگه نوخبه‌ی سیاسی لایه‌نه براوه‌كانی هه‌ڵبژادن، ئه‌وانه‌شی نه‌یانبردووه‌ته‌وه، پێویسته له رووی دیموكراتییه‌وه قه‌بووڵی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی خۆی بنیات ده‌كاته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌موومان ده‌بێت ئه‌و بزانین به‌شدارینه‌كردنی به‌شێكی خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردن شتێكی ئاسایی نییه به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕێت، به‌شدارینه‌كردنی كه‌سێكی عێراقی له هه‌رێمی كوردستان بێت یان له به‌سره، وه‌كو به‌شداریكردنی كه‌سێك نییه له وڵاتێكی دیموكراسی، كه ده‌سته‌به‌ری ژیانی خۆی كردووه، سه‌قامگیرییه‌كی ته‌ندروستی هه‌یه، له رووی په‌روه‌ده و ئابووری و سیاسیشه‌وه سه‌قامگیری هه‌یه، ئه‌وان پێیانوایه ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌یكات، رۆڵێكی كه‌من و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی نابێت.
رێواز فایه‌ق باسی له‌وه كرد، بایكۆت له هه‌رێمی كوردستان، بایكۆت له عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌بێت جێگه‌ی دیراسه بێت، درووستكردنی زۆرینه یان حكومه‌تێكی ته‌وافوقی، ته‌نیا به‌س نییه، ئه‌گه‌ر ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌و حكومه‌ته بریتی نه‌بێت له جۆرێك ئاشتبوونه‌وه و درووستكردنه‌وه‌ی متمانه، چونكه پرۆسه‌ی سیاسی به‌به‌شداریكردنی هه‌مووان جوان ده‌بێت.
گوتیشی: ره‌گه‌زی سێیه‌می سه‌قامگیری، بابه‌تی ئابوورییه، حكومه‌تی داهاتوو و كابینه‌ی نوێ و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئامانجی سه‌ره‌كی ده‌بێت ئه‌وه بێت، عێراق له ده‌وڵه‌تێكه‌وه كه ته‌نیا پشت نه‌وت ده‌به‌ستێت، بگۆڕێت بۆ ئابوورییه‌ك كه سه‌رچاوه‌ی داهاتی زۆر بن.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، كه پێویسته ئابووری عێراق پشت به سێكته‌ره‌كانی دیكه‌ی ئابووری ببه‌ستێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا ئابووری عێراق بارمته‌ی هه‌ندێك هه‌لومه‌رجه، كه ئه‌ویش بازاڕی نه‌وته، كه خۆی درووستی نه‌كردووه.
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، ئابووری ئه‌و وڵاته بارمته‌ی فرۆشتنی نه‌وته، چونكه به‌ردوام كاریگه‌ری نرخ و بڕی وه‌به‌رهێنان و ئه‌و رێكخراوانه‌ی له عێراق كارده‌كه‌ن، ده‌بێت هه‌موو ئه‌وانه ببێته هۆی گۆڕانكاری، ناكرێت له ماوه‌ی 16 ساڵدا له‌سه‌ر هه‌مان ئالیه‌ت بڕۆین، پێویسته بیر له هه‌ڵبژارده‌ی دیكه‌ش بكه‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌قامگیری درووست ببێت.
Your Comment