سەرۆکی حکوومەتی هەرێم: پشتیوانی له‌ هه‌موو جۆره‌ گفتوگۆیێكی ئاشتییانه‌ ده‌كه‌ین بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسروور بارزانی لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵات ڕایگەیاند پشتیوانی له‌ هه‌موو جۆره‌ گفتوگۆیێكی ئاشتییانه‌ ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ و هیوای ئەوەشی خواست بتوانن ئه‌م قۆناغه‌ش به‌ سه‌ركه‌وتوویی ده‌رباز بكه‌ن و وڵاتی عێراق بۆ كه‌ناری ئاشتی ببه‌ن.

کوردپرێس:

مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆڕبه‌ندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ دهۆك رایگه‌یاند، پێویسته‌ له‌م كۆڕبه‌نده‌ به‌ ئاڵوگۆڕكردنی بیروبۆچوونه‌كان و پێشكه‌شكردنی ئه‌و وتارانه‌، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ گرنگانه‌ بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ده‌ڤه‌ره‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌یه‌، هه‌روه‌ك ده‌زانین جگه‌ له‌ كه‌شوهه‌وای سیاسی، كه‌شوهه‌وای سرووشتیش گۆڕانكاری به‌سه‌رداهاتووه‌.

سه‌رۆكی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، یه‌كێك له‌و كێشانه‌ی ده‌توانێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان وڵاتاندا هه‌بێت، كێشه‌ی ئاوه‌، جگه‌ له‌وه‌ ئێستا به‌ قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق تێده‌په‌ڕین، هیوادارین بتوانین له‌م قۆناغه‌ش به‌ سه‌ركه‌وتوویی ده‌ربازبین و عێراق بۆ كه‌ناری ئاشتی ببه‌ین.

ده‌قی گوتاری مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆڕبه‌ندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ دهۆك:

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

به‌ڕێزان، كاك دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق، كاك نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، دكتۆر رێواز، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڕێز عه‌مار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌، دیپلۆماتكاران، به‌ڕێزان، زۆر زۆر به‌خێربێن، زۆر خۆشحاڵم جارێكی دیكه‌ دوای په‌تای كۆرۆنا ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ كۆده‌بینه‌وه‌، لێره‌ له‌ كۆڕبه‌ندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له‌ دهۆك، خۆشحاڵم توانیتان كات ته‌رخان بكه‌ن و بێن لێره‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ به‌شدار بن.

بێگومان ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و وڵاتی ئێمه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت، به‌ قۆناغێكی گرنگ و هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت، ئێمه‌ پێویسته‌ له‌م كۆڕبه‌نده‌ به‌ ئاڵوگۆڕكردنی بیروبۆچوونه‌كان و پێشكه‌شكردنی ئه‌و وتارانه‌، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ گرنگانه‌ بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ده‌ڤه‌ره‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌یه‌، هه‌روه‌ك ده‌زانین جگه‌ له‌ كه‌شوهه‌وای سیاسی، كه‌شوهه‌وای سرووشتیش گۆڕانكاری به‌سه‌رداهاتووه‌، له‌ زۆر رووه‌وه‌ ده‌توانێت كاریگه‌ریی په‌یوه‌ندی نێوان وڵاتان له‌ ناوچه‌كه‌ و وڵاتانی نێوده‌وڵه‌تیش هه‌بێت.

هیوادارم ئه‌م بابه‌ته‌، بابه‌تێك بێت، هه‌ر وه‌ك خۆمان چه‌ندین جاره‌ هه‌ستی پێده‌كه‌ین، كێشه‌ی ئاو بۆ نموونه،‌ یه‌كێكه‌ له‌و كێشانه‌ی ده‌توانێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان وڵاتاندا هه‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ ئێستا به‌ قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق تێده‌په‌ڕین، هیوادارین بتوانین له‌م قۆناغه‌ش به‌ سه‌ركه‌وتوویی ده‌ربازبین و عێراق بۆ كه‌ناری ئاشتی ببه‌ین، پێویسته‌ ئه‌مه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كاری بۆ بكه‌ین، هه‌روه‌ها ده‌بینین گۆڕانكاری له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ش هه‌ن، له‌ درووستبوونی هاوپه‌یمانیه‌تی و له‌ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی نێوان وڵاتان، هه‌ر وه‌ك ده‌بینین، كه‌ ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌كه‌ پشتیوانی له‌ هه‌موو جۆره‌ گفتوگۆیه‌كی ئاشتیانه‌ ده‌كه‌ین، له‌ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكی گونجاو له‌ ناوچه‌كه‌ماندا.

هیوادارم ئه‌م كۆڕبه‌نده‌ یارمه‌تیده‌ر بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بیروبۆچوونه‌كانتان پاڵپشت و هاوكاربن، بۆ به‌رچاوڕوونی زیاتری هه‌مووان، كه‌ یارمه‌تی ئه‌و بڕیارانه‌ بده‌ین، له‌ خزمه‌تی وڵاته‌كه‌مان و ناوچه‌كه‌دا بێت.

News Code 4105

Your Comment

You are replying to: .
captcha