بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەلا بەختیار، دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەبێ ئەولا و ئەملا دەیڵێم لەناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان ژەهرخوار کراوم، دوو سێ مانگ پێش 8ی تەمووز ئەو تاوانە بەرامبەر من کراوە.
ناوبراو گوتیشی: "زانیاریم بۆ هاتووە لە زانیارییەوە ئەو کارە بەرامبەر من کراوە، ئەوە نەبێ بڵێم سەرئەنجامی پشکنین ئەوەم بۆ دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی پەرۆشی خەڵکی وەک ئێمەن دزەیان بە زانیارییەکە کرد و پێیان گوتم: مەلا بەختیار فریای خۆت کەوە. هەفتەیەک دوای ئەوە جارێکی دیکە هەمان سەرچاوە بە منی گوت بەڵکو بە وەستا حەسەنیش بڵێ ئاگای لە خۆی بێت".
مەلا بەختیار، ئاماژەی بەوەشدا: "لە ژیانمدا هیچ خراپەیەکم نەکردووە جگە لە کوردایەتی، فایلم نییە و هیچ دەوڵەتێکی ئیقلیمی گومانی لە هەڵوێستی کوردایەتی من نییە، سەنگەرەکان شایەتن پێشمەرگە بووم، لەناو یەکێتی لە مام جەلالەوە تا ئاخیر سەرکردەی دامەزرێنەر ئێمە دۆست بووین، هیچ هۆکارێکم شک نەدەبرد تاوانی وا بەرامبەر من بکرێت، بۆیە سێ هەفتە شیکردنەوەم بۆ هۆکارەکە دەکرد".
راشیگەیاند: "لە کۆنگرەی چوارەم هەموو دەسەڵاتەکانمان رادەست کردن و گوتمان ئەوان دەڵێن ئێمە نەوەی نوێین و یەکێتی نوێ دەکەینەوە با تاقی بکەینەوە".
ئەوەشی خستەڕوو: "نەک ئەوەی بەرامبەر بە من کراوە، ئەوەی بەسەر یەکێتی هێنراوە لە ژەهرخواردن مەترسیدارترە، مەترسییەکە لەوەدایە لە دوای کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی متمانەی یەکێتیان لەدەستدا، نزیکەی 600 هەزار دەنگ لە هەڵبژاردن کەمیکردووە".
مەلا بەختیار روونیکردەوە: "کاتێک زانیاری ژەهرخواردنەکەم نەمکرد بە هەڵا بە ئارامی جگە لە کەسوکارم و چەند هاوڕێیەکی نزیک بە کەسم نەگوت، پێویست بوو بڕۆم پشکنین بکەم، پێش ئەوەی بە هەڤاڵ بافڵ و دەزگای زانیاری و ئاسایش بڵێم، چووم بۆ عەممان کە ئەنجامی پشکنینەکەم دەرکەوت، ئەنجامەکەم نارد بۆ بافڵ و دەزگای زانیاری و دکتۆر خەسرەو".
هێمای بۆ ئەوەشکرد: "کاتێک گەڕامەوە سلێمانی دوو جار هەڤاڵ بافڵم بینی و جارێکیش لەگەڵ بەرپرسی دەزگای زانیاری دانیشتین لەبارەی ئەو تاوانە قسەمان کرد، دواتر بۆ چارەسەر چوومە ئەڵمانیا و لە یەکێک لە نەخۆشخانە هەر باشەکان پشکنین و چارەسەرم کردووە، یەک تۆز تەمومژ لە ژەهرخواردنم نییە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی مەلا بەختیار گوتی: "دەستبەرداری مافی خۆم نابم، لەبەر ئەوە نییە کە ئەو تاوانەی بەرامبەر خۆم کردووە، ئەگەر ئێستا ئەو کەسە خۆی بێتە لام بەڵێن بێت لێی خۆش دەبم، شایەتم زۆرە خەڵک بۆ کوشتنم هاتووە و لێی خۆش بوومە".
سەبارەت بە بڕیاری سڕکردنی لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتییەوە باسی لەوەکرد: "کاتی خۆی بڕیاریاندا من سڕکەن لەسەر کێتێبی (لەبری بیرەوەری) 124 ئەندامی سەرکردایەتی کە هەندێکیان ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون ئەو بڕیارەیان دابوو، کۆمێدیاکە لەوەدایە لە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی سڕکردن نییە، بێ ئەوەی پەیڕەو بخوێننەوە بڕیاریانداوە".
مەلا بەختیار، رایگەیاند: "لەم رۆژانەدا هەموو بەڵگەکانی پشکنینی پزیشکی لەبارەی ژەهراوی بوونم بڵاودەکەینەوە و وەریدەگێرینە سەر زمانی کوردی، من پێویستم بە سیناریۆ نییە. راپۆرتێک دەنووسم و مەکتەبی سیاسیی و ئەنجومەنی سەرکرایەتی دەخەمە ژێر بەرپرسیاریەتی لێکۆڵینەوە لەم کەیسە، بڕیاریشە بەم نزیکانە ئەنجومەنی باڵا و هەڤاڵ بافڵ کۆببنەوە و تاوتوێی هەموو دۆخەکە دەکرێت".
ئاماژەشی دا: "بە ژیان قەرزداری کەسێکم کە زانیارییەکەی پێدام، ئەوان دوو کەس قسەشم لەگەڵ کردن و گوتیان پەیامەکەمان پێگەیشت".
لەبارەی بە تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکە مەلا بەختیار گوتی: "هەرکەسێک بووبێت تا نەسەلمێنرێت من ناتەوانم بە تاوانباری بزانم، ئەوکاتەی ئەوە کراوە بەرپرسی دەزگای زانیاری کەسێکی تر بووە، ئەگەر دەزگای زانیاری ئەو شتەی کردبێت بە یەک کەس و دووان نەکراوە".
Your Comment