نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق: شەهید سولەیمانی ڕێگری کرد لە ژینۆسایدی کوردەکان بە دەستی داعش

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران دەڵێت یەکەم یارمەتی بۆ هەرێمی کوردستان بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی داعش و ڕێگری کردن لە ڕووخانی هەولێر بە فەرمان و پشتگیریی سەردار شەهید حاجی قاسم سولەیمانی ئەنجام درا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژنامەی ئیتلاعات بڵاوی دەکاتەوە، نازم دەباغ زیاتر دەڵێت: هەمیشە لە قۆناغە سەختەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای فەرماندەیی هێزی قودس وقەرارگای ڕەمەزان کە دیارە جەنابی حاجی قاسم بەرپرس بووە لەو فەرماندەییە و هاوکار و یارمەتیدەر بووە بۆ ئۆپۆزسیۆنی عێراقی (سەردەمی سەدام) و هەروەها لایەنە سیاسییەکانی کورد. لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە عێراق بە تایبەت لە ناوچەکان ئامرلی و سنجار(شنگال) حاجی قاسم و ڕاوێژکارەکانی ڕۆڵی گرینگیان نواند. بە بەشداریی کردن و سەرپەرەشتی کردنی ڕاستەوخۆی ئەو تیپە و هەروەها ناردنی چەک و تەقەمەنی پێویست بۆ شکاندنی داعش.

ناوبراو وتیشی: لایەنە سیاسییەکانی کورد لەوانە پارتی، یەکێتی، بزووتنەوەی ئیسلامی، سوشیالیست، کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی ئەوانە هەموو پەیوەندییان هەبووە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو کەناڵەی کە دەبوایە بەرپرس بێت لەو پەیوەندیە، قەرارگەی ڕەمەزان بوو بە سەرپەرەشتی فەرماندەیی قودس وحاجی قاسم و تا ئێستاکەشی لە گەڵ بێت، ئەو پەیوەندییە لە نێوان ئێران و لایەنە سیاسییەکانی کوردی عێراق نەپچڕاوە ولە ئاستێکی باشدایە و بەردەوامە.

نازم دەباغ جەختی کردەوە بە ڕاستی ناکرێت فەرامۆش بکرێت کە لە هەموو قۆناغەکاندا، هەوڵی داوە هێزی پێشمەرگە بەهێز بێت و هێزی پێشمەرگە ڕێکخراو بێت. بۆ ئەوەی بتوانن شەڕی داعش بکەن و پێش داعشیش هەر بەو شێوە کە ئێمە شەڕی سەددام حسێن و لەشکرەکەی ئەومان دەکرد. هەڵوێست و ڕای وا بوو کە هێزی پێشمەرگە دەبێ هێزێکی پتەو بێت. دیارە ئەوەی من باسی دەکەم لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان بوو. لە قۆناغەکانی شۆڕشدا ئەو چەک و تەقەمەنی و پێداویستیانەی کە هێزەکانی پێشمەرگەی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردی عێراق پێویستیان پێ بوو دابینی کردووە و یارمەتی پێشمەرگەی داوە.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: کاتێک کە داعش پەلاماری ناوچەی هەرێمی کوردستان و هەولێری دا بە دڵنیاییەوە- من بەرپرسم لەم قسەیەی کە دەیکەم، لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەسبەجێ پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کرا. تەنانەت بۆ دڵنیابوونەوە، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی ئێران شەو درەنگان تەلەفۆنی بۆ من کرد بۆ ڕاست کردنەوەی ئەو دەنگوباسانە کە پەیوەندی کراوە بۆ پشتیوانی کردن و بە هاناچوونی هەرێمی کوردستان.دیارە بە دڵنیاییەوە دەسبەجێ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەنگ ئەو داخوازییەی هەرێمی کوردستان و جەنابی کاک مەسعوود و جەنابی کاک نێچیرڤانەوە چوون و هەر بەو شەوە فڕۆکەی چەک و تەقەمەنیان ناردە هەرێمی کوردستان و چەندین ڕاوێژکاریشیان نارد بۆ بەشداریی کردن و هاوکاری هێزی پێشمەرگە و ئەوە بوو کە داعش شکستی خوارد. دیارە هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە زۆر لایەنەوە کرد بەڵام یەکەم هاوکاری و یارمەتی کە گەیشتە هەرێمی کوردستان هاوکاری یارمەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و دیارە بە دەستوور و پشتیوانی جەنابی حاجی قاسم سلێمانی بوو.

ناوبراو وتیشی: جەخت دەکەمەوە کە لایەنی بەرپرس لە پەیوەندی و هاوکارییەکانی ئێران لە گەڵ عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی ، قەرارگای ڕەمەزان و فەرماندەیی قودس بە سەرپەرەشتی جەنابی حاجی قاسم سولەیمانی بوو کە هیچ کات درێغییان نەکردووە و هەرچی چەک و چۆڵ و تەقەمەنی پێویست بێت ناردوویانە بۆ هێزی پێشمەرگە.

دەباغ زیاتر وتی: دیارە بە پێی پێویست حاجی قاسم کە دەهاتە هەرێمی کوردستان لە گەڵ لایەنەکان و هێزی پێشمەرگە دیاری دەکرد، بەلام زۆربەی کات لە هەولێرەوە دەستیپێدەکرد و لە گەڵ پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش دیدار و گفتوگۆی دەکرد.ئەو پیاوە زۆر پیاوێکی ئازا بوو و چاو نەترس بوو و لە زۆرینەی بەرەکانی شەڕدا دیتراوە و پێشمەرگە و ئەو هێزانەی لە گەڵی هێرشیان بۆ سەر داعش بردووە لە وێنەکاندا هەیە و نیشان دەدات کە حاجی قاسم هەمیشە لەو شوێنە بووە کە پێویست بووە نەک لای ئەو کەسانە بوو کە ویستبێتی.

لە کۆتاییدا نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران وتیشی: کورد زۆر ستەمی لێکراوە و هەمیشە دڵسۆز و بەوەفا بووە بۆ ئەو کەس و لایەنانەی کە هاوکاری و یارمەتییان داوە.ئەمەیش وەکوو یەکێ لەو کەسانەی کە هاوکاری گەلی کوردی کردووە لە قۆناغە سەختەکاندا هەمیشە لای خەڵک و پێشمەرگەی هەرێم یادی بەخێر دەکەن و هیوادارین کە بکەوێتە بە دڵۆڤانی خوای گەورە و جێگای بەهەشت بێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 407

Your Comment

You are replying to: .
captcha