بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەدی حاجی مەحموود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای حزبەکەی رایگەیاند: "ئەوەی ئێستا روودەدات ئاسان نیە بەتایبەت کە رووبکەیتە شوێنێک و نەزانیت چی روودەدات، ئەمانە هەمووی کۆمەڵێک شتی کەڵەکەبووی 30 ساڵی رابردووە، واتا ئەو خەڵکەی ئێستا لە کوردستان دەچێتە دەرەوە رەنگە کۆمەڵێک پێوەری جیاجیای هەبێت، یەکێک لەوانە رەنگە چاولێکەری بێت، هەندێکیش رەنگە پێیان خۆش بێت کەوا بچێتە دەرەوە، هەندێکیش بەهۆی کێشە و گیروگرفتەکان یاخود جێگیرنەبوونی ئاسایش لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان و نەبوونی ئومێد بێت بۆ داهاتوو، ئەمانە هەمووی پاڵپێوەنەرن کە خەڵک بە کۆمەڵ ڕوو لە دەرەوەی وڵات بکەن".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا خەڵک لە ئەورووپاشەوە بۆ وڵاتی ئەمریکا دەڕوات، وەک چۆن لێرەوە خەڵک دەچن بۆ ئەورووپا، واتا لە هەموو دونیا کۆچ کردن هەیە، بەڵام لێرە رەنگە بگەڕێتەوە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان و دەسەڵاتی دادوەری کە سێ دامەزراوەی گرنگی کوردستانن، ئەمانە دەبوو لە 30 ساڵی رابردوودا چارەسەرێکیان لەرووی ئابووریەوە بۆ خەڵک بکردایە، چوونکە زۆری هاوارەکە بۆ ئەوەیە کە لەرووی ئابووریەوە کێشەیان هەیە، لە کوردستان پێش هەموو شتێک پێویستمان بە دەستوور هەیە کە نیمانە، هەروەها وەزارەتی پلاندانان رەنگە هەمان بێت بەڵام ئەو وەزارەتە پێویستە کۆمەڵێک شتی گرنگ بکات لە کوردستان.
محەمەدی حاجی مەحموود وتیشی، "ئەو هەموو زانکۆیەی لە کوردستاندا هەیە، خەڵک هەیە نمرەکەی 45 بەڵام دەری دەچێنن بە پارە، واتا خوێندن لە کوردستان بووەتە بازرگانی و ئاستی خوێندن زۆر دابەزیوە، ئەو زانکۆیانە بە پارە خەڵک دەردەچێنن".
ئەوەشی خستەڕوو، تەنانەت تەندروستی بووەتە بازرگانی، ئەمە رەنگە یەکێک بێت لەو هۆکارانەی کە خەڵک کۆچ دەکەن، لەم شەوانەدا چاودێری میدیاکانم کرد، چەند کەسێک لە نەخۆشخانەکان شەوی ملیۆنێک و 500 هەزاریان لێوەرگرتوون و رەنگە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەش لە ئەورووپا و ئەمریکا لە 300 دۆلار تێنەپەڕێت، نازانرێت ئەو پارەیە بە چ یاسایەک لە کوردستان وەردەگیرێت، تەنانەت کەسێک مردبوو، تەرمەکەیان نەدەدایەوە چوونکە هێشتا پارەکەی نەدابوو، دەبێت حکوومەت ئەمانە رێک بخات، شەش ملیۆن کورد لە کوردستانە یەک مەتر قوماش لە کوردستان دروست ناکرێت".
Your Comment