مەسروور بارزانی و باڵیۆزی پاکستان لە هەرێمی کوردستان پێوەندییە دووقۆڵییەکانیان تاوتوێ کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئەحمەد ئەمجەد عەلی باڵیۆزی پاکستان لە عێراق كرد و لە دیداری نێوانیاندا پرسی پەرەپێدانی پێوەندییەکانی دوو لایەنیان تاوتوێ کرد.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشەممە 10ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەحمەد ئەمجەد عەلی باڵیۆزی پاکستان لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا، باڵیۆزی پاکستان ، سڵاو و ڕێزی سەرکردایەتی پاکستانی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و خواستی وڵاتەکەی، بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی هەمەلایەنە لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بە تایبەتی لە بواری وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بەخشینی سکۆڵەرشیپ (زەمالەی خوێندن) بۆ قوتابییانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی پاکستاندا.

باڵیۆزی پاکستان، هەروەها بە پێزانینەوە، ئاماژەی بە پێشکەوتن و ئاوەدانیی و پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان کرد، وەک فاکتەرێکی ئارامیی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا .

سەرۆکی حکوومەت، وێڕای جەختکردنەوە لە ئامادەیی هەرێمی کوردستان، بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لە گەڵ پاکستان، باسی لە کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و پێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست بۆ وەبەرهێنەران.

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها، دەرفەتەکانی کار و هەماهەنگیی هاوبەش، بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولادان، تاووتوێ کرا.

News Code 4038

Your Comment

You are replying to: .
captcha