کوردپرێس: بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبونەووەیەکدا لەگەڵ وەفدێکی سەربازی بەریتانی بەسەرۆکایەتی مارشال سامی سیمپسن گەورە راوێژکاری سەربازی حکوومەتی بەریتانیا بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقا، جەختی کردەوە لە بەردەوامیی ئەنجامدانی چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و لەوبارەیەوە سوپاسی بەریتانیا و ھێزەکانی ھاوپەیمانانی کرد کە ھاوکار بوون.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە ھەولێر بەڕێوەچوو و وەزیری کاروباری پێشمەرگە و کونسوڵی بەریتانیا ئامادەی بوون، قوباد تاڵەبانی باسی لەرەوشی ھەنووکەیی عێراق کرد و جەختی لەوە کردەوە کە لەھەموو کات زیاتر پێویستە پەنا ببرێتەبەر گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان بەتایبەت ئەو گرفتانەی لە دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکانەوە لەنێوان لایەنە سیاسییەکانەوە سەریان ھەڵداوە.
لەبارەى نوێترین پێشهاتی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراقیش، هەردولا ئیدانەى ئەو هێرشە تێرۆریستیەیان کرد کە کرایە سەر ماڵى مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و دووپاتیان کردەوە کە پێویستە ئارامی و سەقامگیری بۆ ئەم وڵاتە دەستەبەر بکرێت و کاربکرێت بۆ ریشەکێش کردنی تێرۆر.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە گرنگە کورد یەک دەنگ و یەک ریز بێت بەتایبەت لەئێستادا کە قۆناغی دەستپێکردنی گفتوگۆکانە لە بەغدا ئەوەش لەپێناو باشتر دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردستان دا.
لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەشەوە، قوباد تاڵەبانی وتی: قۆناغی زۆر باشمان بڕیوە و بەردەوامییش بەو پڕۆسەیە دەدرێت. لەوبارەیەوە ستایشی ھێزەکانی ھاوپەیمانان و بەریتانیاشی بەتایبەت کرد.
وەفدە سەربازییەکەی بەریتانیاش ئامادەییان دەربڕی بۆ ھەماھەنگی زیاتر و بەردەوامی لەپشتیوانی کردنی هەوڵەکانی چاکسازی، راشیانگەیاند دەبێ هێز و لایەنە سیاسیەکانی عێراق ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و گفتوگۆ و دانوستان بکەنە بنەماى کارکردن لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەدا.
Your Comment