بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد و لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، شەوی رابردوو ماڵەکەی لە رێگەی درۆنەوە هێرشی کراوەتەسەر، کە کارێکی ترسنۆکانەیە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، بەدوای ئەنجامدەرانی هێرشەکەی دوێنێن، "زۆر باش دەیانناسین و ئاشکرایان دەکەین. دەستی دادپەروەریش دەگاتە بکوژی شەهید عەقید نبراس فەرمان، ئەفسەری دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق".
مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەش کرد، فەرمانی داوە لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ بکرێت لە رووداوەکانی رۆژی هەینی کە لەگەڵ خۆپێشاندەران روویداوە لەبەردەم ناوچەی سەوز، هەر کەسێکیش دەستدرێژیی کردبێت، دەیدەینە دادگا و جیاوازی لەنێوان عێراقییەکان ناکەین.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاندووە، بەرەنگاری گەندەڵی دەبنەوە و لە راوەدوونانی گەندەڵکارانیش ناوەستن، رێگە بە هیچ نێوەندگیرییەک نادەین و لەدەست دادپەروەری دەربازیان نابێت.
لەبارەی هەڵبژاردن و تانەکان، کازمی باسی لەوە کردووە، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و سکاڵا و تانەکان لە پسپۆڕیی حکوومەت نییە، بەڵکوو ئەرکی حکوومەت دابین کردنی بابەتی دارایی و ئەمنییە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان.
Your Comment