وابەستە بوونی پەیەدە بە پەکەکە-وە مەترسیی هێرشی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا زیاتر دەکاتەوە

بەشی سووریا- ئەندامێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا دەڵێت: بەرپرسانی تورکیا دەڵێن پەیەدە لقێکی پەکەکە-یە. کاتێک پێوەندییێک لە نێوانیاندا نەمێنێت و دیکەی حیزب و ڕەوتە کوردییەکان لە خۆبەڕێوەبەریی باکووری سووریا بەشدا بن، چیدی تورکیا بیانوویێکی بۆ هێرش کردنە سەر کوردستانی سووریا بە دەستەوە نابێت.

عماد بەرهۆ ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردانی سووریا (ENKS) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە پێوەندیی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (P.K.K) لەگەڵ پارتی یەکێتی دیموکراتیک لە سووریا (P.Y.D) و وتی: هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا بە بیانووی پێوەندیی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) و هێزەکانی سووریا دیموکراتیک لەگەڵ پەکەکە ئەنجام دەدرێن.

ناوبراو درێژەی دا پەیەدە ئەو هاوکارییە ڕەت دەکاتەوە، لە ڕاستیدا کاتێک کە ئەوان وێتەکانی عەبدوڵڵا ئوجەلان لە هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژئاوای سووریا بڵاو دەکەنەوە بە شێوەیێک جەخت لەسەر ئەوە دەکەن کە بەشێکن لە پەکەکە و هەر ئەو بابەتەش ئەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گوشارەکانی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا زیاد بکرێت.

عماد بەرهۆ وتیشی: ئەم مەسەلەی جارێک لە عەفرین ڕوویدا و ئێمە شایەتحاڵ بووین کە هاوکاریی نێوان پەکەکە و پەیەدە بوو بە هۆی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین. ئەو مەترسییە بەردەوام لە سەر کوردستانی سووریا هەیە و ئەگەر پەیەدە هەر بەو عەقڵییەتەوە درێژە بە کارەکانی بدات، ئەگەری ئەوە هەیە کە تورکیا هێرشێکی دیکە بۆ سەر کوردستانی سووریا ئەنجام بدات.

بەرپرسی نووسینگەی پێوەندییەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردانی سووریا وێڕای وتنی ئەوەی کە تا ئەو کاتەی کە پێوەندیی لە نێوان پەکەکە و پەیەدە-دا بێت تورکیا هێرش دەکات بۆ سەر باکووری سووریا، ڕایگەیاند: مەترسیی هێرشی دووبارەی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا هەیە، بەڵام ئەگەر کوردەکانی بەهێز بن ئەگەری ئەو هێرشە کەمتر دەبێت و تورکەکان ناتوانن ئاشکرا هێرش بکەنە سەر کوردەکانی سووریا.

ناوبراو دەیشڵێت: کاربەدەستانی تورک دەڵێن پەیەدە بەشێکە لە پەکەکە. کاتێک کە پێوەندی لە نێوانیاندا نەبێت و دیکەی حیزبە کوردەکان لە خۆبەڕێوەبەریدا بەشدار بن تورکیا چیدی بیانووی بۆ هێرش کردن نابێت.

عماد بەرهۆ زیادی کرد بۆیەش ئەگەر هەموو ڕەوت و حیزبە سیاسییەکان لە باکووری سووریا ئامادە بن پشتگیریی نێونەتەوەیی لە کوردەکانی سووریا دروست دەبێت و حیزبە کوردەکان بە دەستێکی کراوەوە لە داهاتووی سووریا بەشداری دەکەن و هەموو لایەنەکانیش بە فەرمی دەیناسێنن.

بەرپرسی نووسینگەی پێوەندییەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردانی سووریا لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە لە ئێستا پێوەندیی نێوان ئێوە و پەیەدە لە چ ئاستێکدایە وتی: پێوەندییێک لە نێوان ئێمە (ENKS) و خۆبەڕێوەبەریی باکووری سووریا نییە و بە پێچەوانەش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هێرشی میدیایی بەربڵاو لە لایەن خۆبەڕێوەبەریی باکووری سووریاوە دەکرێتە سەر ئەو حیزبانەی کە لە ئەنجومەنی نیشتمانیدا بەشداری دەکەن.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە دۆخەکە باش نییە و خەریکە خراپتریش دەبێت. نووسینگەکانی ئێمە داخراون و ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردانی سووریا لە لایەن پەیەدە-وە ئەسیر کراون و تەنانەت ئەندام و سەرکردە کوردەکان کە لە دەرەوەی وڵاتن مۆڵەتی گەڕانەوەیان پێنادرێت و ناتوانن پێوەندییان لەگەڵ خەڵکی ناوخۆی سووریا ببێت.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا وتی کوردەکانی سووریا پێویستیان بە ستراتێژییێکی هاوبەش هەیە و جەختی کردەوە: ئێمە وەکوو ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لەو باوڕەداین لە دۆخی ئێستادا یەکێتیی و هاوئاهەنگی لە نێوان ڕەوتە کوردییەکاندا لە باکووری سووریا زۆر پێویستە، بەتایبەت کە هەندێک لە گۆڕانکارییە نێونەتەوەییەکان خەریکی ڕوودانە و لە داهاتوویشدا بابەتی یاسای بنەڕەتیی سووریا دێتە ئاراوە، بۆیە یەکگرتووی کوردەکان لە سووریا مەسەلەیێکی گرینگە.

عماد بەرهۆ لەباەری داهاتووی پێوەندیی نێوان (ENKS) و خۆبەڕێوەبەریی باکووری سووریا دەڵێت: ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد هەمیشە بە باوەشی کراوەوە پێشوازی دەکات لە پێوەندی و نزیکیی نێوان حیزبە کوردەکان. پێشتریش چەندین جار هەوڵمانداوە کە لەگەڵ پەیەدە نزیک بینەوە بەڵام پەیەدە قبووڵی نەکردووە.

ناوبراو جەختی کردەوە لە ئێستادا باشتر وایە کە هێزە نێونەتەوەییەکان سەرپەرشتی پێوەندییەکانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردانی سووریا و پەیەدە لە ئەستۆ بگرن، چوونکە ئەوان دەتوانن ببنە هۆی پێوەندیی نێوان ئێمە و ئەوان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 39854

Your Comment

You are replying to: .
captcha