کوردپرێس:
کەریم سنجاریی وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت لە کۆنفرانسی "پێشمەرگە لە ئایندەدا" کە تایبەت بوو بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێسمەرگە ڕایگەیاند، پرۆسەی چاکسازیی وەزارەتەکە لە ساڵی ڕابردوودا تاوەکوو ئێستا بەردەوامی هەیە لە کۆی ٣٥ پرۆژە تاوەکوو ئێستا پێنجی چووەتە بواری جێبەجێ­کردنەوە و لە داهاتوویێکی نزیکیشدا هەشت پرۆژەی تر دەخرێتە بواری جێبەجێ­کردنەوە.
ناوبراو ئەوەشی ڕاگەیاند "پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی پلانی چاکسازی لە وەزارەتەکە دەگاتە لووتکە".
کەریم سنجاری باسی لەوەش کرد، وەزارەتی پێشمەرگە هەندێک لە ئەفسەرە بەتواناکانی بردووەتە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە مەبەستی سەرپەرشتی­کردنی پرۆسەی چاکسازی.
وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت، ئاماژەی بەوەش کرد کە راوێژکارییە سەربازییەکانی بەریتانیا و ئەمریکا و فەرەنسا هاوکاری سەرەکیی پرۆژەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگەن و بریارە لەسەرەتای ساڵی داهاتووشدا وڵاتی هۆڵەندا ڕاوێژکاری تایبەتی خۆیان بنێرێتە هەرێم بۆ پاڵپشتی­کردنی چاکسازییەکانی وەزارەتەکە.
کەریم سنجاری داواشی لە یەکە جیاوازەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەردوو فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ کرد، پاڵپشتی کارەکانی چاکسازی بن بۆ ئەوەی سوپایێکی مۆدێرن دروست بێت.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگەش، لە ڕۆژی ٢١ی شوباتی ساڵی ٢٠١٧وە، وەزارەتی پێشمەرگە بە پاڵپشتیی ڕاوێژکارانی سەربازی بەریتانیا و ئەمریکا و ئەڵمانیا دەستیان کردووە بە پرۆگرامی چاکسازی و ڕێکخستنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە کە خۆی لە ٣٥ خاڵدا دەبینێتەوە بە ناوی پێشمەرگە لە ئایندەدا.
Your Comment