کوردپرێس:
ڕۆژی چوارشەممە 21-11-2018، کۆمپانیای دانە گاز و کۆمپانیای نەوتی هیلال راگەیێندراوێکیان لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان (کە لەلایەن هەردوو کۆمپانیاوە سەرپەرشتی دەکرێت) بڵاو کردەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئاستی وەبەرەهێنان لە پرۆژەی گازی كوردستان تا ئەمڕۆ گەیشتووەتە ملیارێك و 400 ملیۆن دۆلار، بەمەش كۆی گشتی بەرهەمهێنانی هاوتای نەوت گەیشتە (250) ملیۆن بەرمیل كە بەمەش توانرا زیاتر لە (20) ملیار دۆلار پاشەكەوت بكرێت بۆ بودجەی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی كە دەبوو لە كڕینی سووتەمەنی سەرفبكرێت.
دانە گاز و کۆمپانیای نەوتی هیلال ئاماژە بەوەش دەکەن، کە وەبەرهێنانی زیاتر بەڕێوەیە بۆ زیادكردنی بەرهەمی رۆژانە بۆ 900 ملیۆن پێ سێجا لە سێ ساڵی داهاتوو، هاوشان لەگەڵ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی شل.
د. پاتریك ئەڵمان وارد، بەڕێوەبەری جیبەجێكاری كۆمپانیای دانە غاز رایگەیاند: "سەرەڕای بوونی ئاستەنگ و بەربەستی زۆر لە (10) ساڵی رابردوو، مایەی شانازییە بۆ ئێمە كە توانیمان رێژەی بەرهەمهێنان و بەکاربردنمان لە ئاستی خۆیدا بهێڵینەوە و ئێستا دوابەدوای وەرگرتنەوەی گشت شایستە داراییەكانمان لە هاوینی رابردوو، بە پەرۆشین بۆ فراوانكردنی ئاستی بەرهەمهێنان بە رێژەیێكی بەرچاو بۆ دابینكردنی غازی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان و عێراق".
*لە تۆڕی میدیاییی ڕووداو وەرگیراوە
Your Comment