به‌رهه‌م ساڵح ئه‌نجامی گه‌شته‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران تاوتوێ كرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک کۆماری عێراق ئه‌نجامی گه‌شته‌که‌ی ئه‌م دواییه‌ی که‌ چه‌ند وڵاتێکی گرته‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران تاوتوێ كرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 20ی تشرینی دووهه‌می 2018 د. به‌رهه‌م ساڵح له‌ کۆشکی سه‌لام له‌ به‌غداد پێشوازی کرد له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و له‌ دیداره‌که‌دا سه‌رۆک کۆمار ئه‌نجامی سه‌ردانه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی بۆ وڵاتانی (کوه‌یت، ئیمارات، ئوردن، ئێران، عه‌ره‌بستانی سعوودی) بۆ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران باس کرد و دووپاتی کرده‌وه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌ سه‌ری کردوونه‌ته‌وه‌‌ هه‌موو خوازیاری به‌هێزکردن و گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانیانن له‌گه‌ڵ عێراقدا.

سه‌رۆک کۆماری عێراق له ‌وته‌کانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ وڵاتانی درواسێ خۆشحاڵیی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ به‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ی که‌ عێراق به ‌ده‌ستی هێناوه‌ به ‌سه‌ر گرووپی تیرۆریستیی داعشدا و به‌رده‌وام بوونی له‌سه‌ر ڕاوه‌دوونانی پاشماوه‌كانی.

له‌ به‌شێكی‌تری دیداره‌كه‌دا ده‌رباره‌ی زنجیره‌ سه‌ردانه‌که‌ی بۆ وڵاتانی ناوچه‌که‌ سه‌رۆک کۆمار ڕوونی کرده‌وه که‌ له‌ میانه‌ی دیداره‌کانیدا له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌دا دووپاتی کردوووه‌ته‌وه‌ ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ی عێراق به‌ ده‌ستی هێناوه‌ بۆ ناوچه‌که‌ و جیهانیش گرنگه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ له ‌ڕێی یه‌کخستنی هه‌وڵه‌کانه‌وه‌ بپارێزرێت.

لای خۆیه‌وه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بایه‌خی سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک کۆماری بۆ وڵاتانی ناوچه‌که‌ دووپات کرده‌وه‌ و له‌و ڕوووه‌شه‌وه‌ ئاماژه‌ی کرد بۆ پێویستی هه‌ماهه‌نگیی نێوان سێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌که‌.

وه‌فدێکی باڵای حکومی به‌ ڕێنماییی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران که‌ پێکهاتبوو له‌ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ و پیشه‌سازی و چه‌ند پارێزگارێک هاوڕێیه‌تی سه‌رۆک کۆماری ده‌کرد له‌ سه‌ردانه‌که‌ی ئه‌م دواییه‌دا ئه‌وه‌ش بۆ به‌رجه‌سته‌کردنی هه‌ماهه‌نگی و هاوکارییه‌ له‌ ڕاپه‌ڕاندنی کاروباره‌کانی ده‌وڵه‌ت له‌ چوارچێوه‌ی جێبه‌جێ کردنی به‌رنامه‌ی حکومی، هه‌روه‌ها بۆ ته‌ئکیدکردنه‌وه‌ی بایه‌خی پێگه‌ی میحوه‌ری عێراق و ڕۆڵی کارای له‌ سه‌قامگیری ناوچه‌که‌دا به‌و پێیه‌ی عێراق خاڵ و گۆڕه‌پانی به‌یه‌کگه‌یاندن و پێکگه‌یشتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌کانه‌.

خستنه‌ڕووی هه‌وڵه‌کان بۆ ته‌واوکردنی کابینه‌ی حکومی و کۆتایی هاتنی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ و یه‌کخستنی هه‌وڵه‌کان له‌پێناوی پشتگیری کردنی حکوومه‌ت، ته‌ورێکی‌تری دیداره‌که‌ بوو.

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39732

Your Comment

You are replying to: .
captcha