په‌که‌که‌ هۆی مه‌شاکیلی شنگال و ناوچه‌که‌یه‌ و دەبێت چۆڵی بکات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌عید مه‌مۆزینی سیاسه‌توانی کوردی عێراقی گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ کوردپرێس کردوووه‌ و ئاماژه‌ به‌ بوونی په‌که‌که‌ له‌ شنگال و دیکه‌ی ناوچه‌کانی باکووری عێراق ده‌کات و بوونی په‌که‌که‌ به‌ نایاسایی ده‌زانێت و داوا ده‌کات ناوچه‌که‌ چۆڵ بکه‌ن.

کوردپرێس: له‌ ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا مه‌حما خه‌لیل قایمقامی شنگال و دیکه‌ی به‌رپرسانی ئیداریی ئه‌و شاره‌ که‌ ئێستا به‌ ده‌ست هێزی سه‌ربازی و ئه‌منیی ده‌وڵه‌تی ناوه‌نده‌وه‌یه‌ ویستیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌که‌ و دووباره‌ ده‌ست به‌ کار ببنه‌وه‌ به‌ڵام له‌لایه‌ن خه‌ڵکانێکی ناوچه‌که‌وه‌ ڕێگرییان لێکرا که‌ بچنه‌ نێو شاره‌که‌وه‌. سه‌عید مه‌مۆزینی سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیداره‌ی شنگال و ئه‌و ناوچانه‌ و ڕێگری‌کرانی له‌لایه‌ن په‌که‌که‌وه‌ به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: ئیداره‌ی شنگال گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ناوچه‌که‌ به‌ڵام په‌که‌که‌ سه‌یتره‌یێکی دروست کردبوو و جاده‌یان گرتبوو و نزیکه‌ی 20 که‌س ده‌بوون بۆیه‌ ئیداره‌ی شنگال گه‌ڕایه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یده‌ویست مه‌شاکیل له‌ ناوچه‌که‌ دروست ببێت.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ نیازی په‌که‌که‌ له‌و هه‌نگاوه‌ی و ئه‌وه‌ی که‌ ئایا خه‌ڵکی له‌ پشت په‌که‌که‌ن یان خێر به‌ کوردپرێسی وتوووه‌: زۆرینه‌ی خه‌ڵک نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و 80 له‌سه‌دیان له‌ که‌مپه‌کان ئاواره‌ن و له‌ ناوچه‌ی دهۆک و هه‌ولێر و ئه‌و شوێنانه‌ن. په‌که‌که‌ش مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ که‌ موداخله‌ له‌ کاروباری حکوومه‌تی کوردستانی عێراق بکات. شوێنی په‌که‌که‌ کوردستانی تورکیایه‌ و پێویسته‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و له‌وێ خه‌باتی خۆی بکات.

مه‌مۆزینی ئاشکراشی کرد: ئیداره‌ی شنگال له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌شاکیل له‌ ناوچه‌که‌ دروست نه‌بێت نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و ئێستا موحاویله‌ له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی عێراق هه‌یه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیداره‌ی شنگال به‌ڵام بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ پێویسته‌ ڕێککه‌وتن بکرێت و ده‌بێت حکوومه‌تی عێراق ئه‌منییه‌تی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بپارێزێت چوونکه‌ ئێستا پێشمه‌رگه‌ له‌وێ نییه‌ به‌ڵکوو سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی له‌وێن.

سیاسه‌توانی کوردی عێراقی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد که‌ سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی له‌ ناوچه‌که‌ن و ئه‌وه‌ی که‌ په‌که‌که‌ به‌ نایاسایی جموجووڵ ده‌کات بابه‌تێکه‌ که‌ ده‌بێت له‌وباره‌یه‌وه‌ پرسیار له‌ به‌رپرسانی به‌غدا بکرێت.

پێشتر ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا له‌باره‌ی هه‌بوونی په‌که‌که‌ له‌ باکووری عێراق ڕای‌گه‌یاندبوو که‌ دوانزه‌ بۆ سیانزه‌ هه‌زار ئه‌ندامی ئه‌و حیزبه‌ له‌ مه‌خموور هه‌یه‌ و دیکه‌ی هێزه‌کانی په‌که‌که‌ش له‌ قندیل و شنگالن. مه‌مۆزینی له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ کوردپرێسی گوت: له‌ شنگال و دیکه‌ی ناوچه‌کان هیچ هێزێکی پێشمه‌رگه‌ نییه‌ و به‌رپرسیارێتیی ناوچه‌که‌ له‌ ئه‌ستۆی حکوومه‌تی ناوه‌ندی عێراقه‌.

ناوبراو له‌ کۆتاییدا گوتیشی: به‌رده‌وامیی بوونی په‌که‌که‌ له‌و ناوچه‌یه‌ به‌رده‌وامیی بوونی کێشه‌یه‌. هه‌روا که‌ ئاگادارن تورکیا له‌به‌ر هه‌بوونی په‌که‌که‌ چه‌ندین جار بۆردومانی ناوچه‌که‌ی کردوووه‌ و ئه‌وه‌ش کێشه‌ و مه‌شاکیلی زۆری بۆ دانیشتوانی ناوچه‌که‌ دروست کردوووه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39723

Your Comment

You are replying to: .
captcha