کوردپرێس:
لە 2007ەوە تا ئێستا زۆر کۆمپانیای گەورەی جیهان ڕوویان کردۆتە کوردستان. هەرێمی کوردستان لە باری سامانی سروشتی و پاشەکەوتی نەوت و گازەوە ناوچەیێکی دەوڵەمەندە و بە پێی هەندێک ڕاپۆرتی فەرمی زیاتر لە 50 کۆمپانیای نەوتی بیانی لە 2007ەوە لە هەرێمی کوردستان دەستیان بە دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت کردووە. بەو حاڵەشەوە هەندێک لە کۆمپانیا نەوتییەکان لە بەر کۆمەڵێک هۆکار قازانجی وایان نەکردووە و بە بۆنەی کۆمەڵێک هۆکارەوە ناوچەی هەرێمی کوردستانیان بەجێ هێشتووە. یەک لەو هۆکارانە گۆڕانکاریی سیاسی و سەرهەڵدانی داعش بوو و ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغداش هۆکارێکی دیکە بوو. بەڵام پاش نەمانی ئەو کۆمپانیاگەلە، کۆمەڵێک کۆمپانیای زەبەلاحی دیکە هاتوونەتە کوردستان و یەک لە کۆمپانیا زەبەلاحەکان کۆمپانیای ڕۆسنەفتە کە ئیگور سەچین بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەیە و دۆستایەتیی نزیکی لەگەڵ ڤلادیمیێر پووتن سەرۆکی ڕووسیا هەیە. دانیشتن و کۆبوونەوەی زۆر کراوە لە نێوان کۆمپانیای ڕۆسنەفت و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامیشدا ڕێککەوتنی گەورە کراوە لە نێوان دوو لایەن. ڕۆسنەفت کونتڕۆڵی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرەو تورکیای لە دەست گرتووە و بەو مەبەستەش بڕی 2 ملیار دۆلار پارەی بە حکوومەتی هەرێم داوە. هەروەهاش گرێبەستێکی دیکە لە نێوان ڕۆسنەفت و حکوومەتی هەرێم واژۆ کراوە کە تەوەری گرێبەستەکە چێکردنی هێڵی بۆریی غازی هەرێمە بەرەو ئەورووپا.
گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم و ڕۆسنەفت یەک لە تەوەرە هەرەگرینگەکانە و ژمارەیێک لە چاودێرانی سیاسی بڕوایان وایە ئامانجی ڕۆسنەفت لەو گرێبەستانەی ئەوەیە کە هەژموونیی سیاسی و ئابووری ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان بچەسپێنێت. ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس لەو بارەیەوە دیمانەیێکی لەگەڵ ڕەئووف مامۆدۆف کردووە کە چاودێری سیاسی و توێژەری پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە کاروباری وزە و سامانی سروشتی.
دەقی دیمانەکە لێرەوە بخوێنەوە:
کوردپرێس: هەرێمی کوردستان چەند نەوت و گازی هەیە؟ کەرکووک چەندی هەیە؟
ڕەئووف مامۆدۆف: لەبارەی بڕی سامانی هەرێمی کوردستان بە بێ کەرکووک زانیاریم لا نییە بەڵام نەوتی خاوی کەرکووک دەگاتە نزیکەی 9 ملیار بەرمیل. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئێستا ڕۆژانە 350 بۆ 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.
کوردپرێس: بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی فاینەنشال تایمز بەم زووانە کۆمپانیای ڕۆسنەفت بڕی 4 ملیار دۆلاری داوە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان. زۆر کەس دەڵێن بڕیاردەری ڕۆسنەفت دۆستی نزیکی سەرۆکی ڕووسیایە و ئامانجی کۆمپانیاکە ئەوەیە هەژموونیی سیاسی و ئابووریی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان بچەسپێنێت. خوێندنەوەی بەڕێزتان لەو بابەتە چییە؟
دوو ڕەهەندی ئابووری و جیۆپۆلەتیکی هۆکاری سەرەکیی بوونی کۆمپانیای ڕۆسنەفت لە هەرێمی کوردستانن. کۆمپانیای ڕۆسنەفت هاوشێوەی دیکەی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە لەلایەن بەرپرسانی باڵای ڕووسیاوە بە مەبەستی سیاسی بەکار دەهێنرێن. ئەو کۆمپانیا ڕووسییانە خشتەیێکی سەرەکین بۆ سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا لە کەرتی وزەدا بەتایبەت لە ناوچەیێکی وەکوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پڕە لە سامانی سروشتی. بەڵام ئەم هەلومەرجەی ئێستای کەرتی وزە و دۆخی جیۆپۆلەتیکی ڕووسیایان ناچار کردووە سیاسەتی هاوکاری کردن و بێموناقەشەیی و خۆدوور گرتن لە ناکۆکی بگرێتە بەر. بەشداری کردنی ڕووسیا لە دەرهێنان و بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی پڕۆژە نەوتییەکانی عێراق ئاسانکاری بۆ ڕووسیا دەکات کە هەژموونیی زیاتری ببێت بە سەر بەرهەمهێنانی نەوت لە بازاڕە نەریتییەکانی ئەو وڵاتە.
چاوەڕوان دەکرا سەرمایەدانەریی ڕۆسنەفت لە پڕۆژەی نەوتی کوردستانی عێراقدا جگە لەو یەک ملیار و دووسەد ملوێن دۆلارەی سەرەتای مانگی 2017 بە هەرێمی کوردستانی دا نزیکەی یەک ملیار و 800 ملوێنی دیکەش بدات. ڕووسیا لە هەرێمی کوردستانیش هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکات کە لە ڤینەزویلا گرتوویەتە بەر لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتەش گیرۆدەی گرفتی قووڵی سیاسی و ئابوورییە. لە ڤینەزویلاش ڕۆسنەفت پارەی بە حکوومەت داوە بۆ ئەوەی لە ئایندەدا لە ڕێگای فرۆشتنی نەوتی ئەو وڵاتەوە قەرزەکانی خەرج بکات.
لە باری تەکنیکییشەوە قەبارەی ئەو نەوتە خاوەی لە هەرێمی کوردستانە لای ڕۆسنەفت زۆر بە هەند وەر دەگیرێت و سەرەڕای ئەوەش نەوتی هەرێمی کوردستان زەمینە خۆش دەکات بۆ هەژموونیی سیاسی و ئابووریی ڕووسیا لە باکووری وڵاتی عێراق و ئەو کۆمپانیا دەتوانێت بە مەبەستی پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم و دەوڵەمەند کردنی ڕێژەی گواستنەوەی نەوتی خاو نەوتەکەی هەرێم بگەیێنێتە پاڵاوگەکانی خۆی لە وڵاتی ئەڵمانیا. ڕۆسنەفت لەو ڕێگایەوە دەتوانێت پشکی زیاتر وەربگرێت لە نەوتی هەرێم ئەوەش پاش ئەوەی ڕێککەوتن لە سەر دابەزاندنی ڕێژەی نەوتی بەرهەم هێنراو لەلایەن سعوودیە کرا.
ئەو ستراتێژییەتەی ڕووسیا پاش ئەوە هات کە یەکێتیی ئەورووپا پاش داگیرکرانی کەریمە لەلایەن ڕووسیاوە هەوڵی دا زۆر وابەستەی نەوتی ڕووسیا نەبێت و ڕووسیاش دەیەوێت لە ڕێگای نەوتی هەرێمەوە کاناڵێکی دیکە بۆ فرۆشتنی نەوت بە ئەورووپا بدۆزێتەوە.
کوردپرێس: کۆمپانیایێکی دیکەی ڕووسی بەناوی غازپرۆم لە هەرێمی کوردستان کار دەکات و ژمارەیێک لە چاودێران دەڵێن ڕۆسنەفت بۆ ڕکابەری کردنی غازپرۆم هاتۆتە کوردستان. ئەمە خوێندنەوەیێکی ڕاستە؟
ڕەئووف مامۆدۆف: ئیگۆر سچین بەڕێوەبەری ڕۆسنەفت کارگێڕێکی هەرەباڵای تیپەکەی ڤیلادیمیێر پووتن بوو ئەو دەمەی لە دەزگای هەواڵگریی ڕووسیا (ک.گ.ب) کاری دەکرد و جگە لەوەش دۆست و برادەری نزیکی پووتنە. هەڵبژێردرانیشی وەکوو بڕیاردەری ڕۆسنەفت بێگومان کارتێکەر بوو لە گەشەکردنی ئەو کۆمپانیا نەوتییە و ڕکابەری کردنی کۆمپانیای غازپرۆم. پووتن حەز بە ڕکابەریی سنووردار دەکات و لەم نێوانەشدا بە تەنیا خۆی نێوبژیڤانە و ئامانجیشی لەو ڕکابەرییە ئەوەیە زیاترین سوودی سیاسی و ئابووری لەو دوو کۆمپانیا بەدەست بهێنێت.
کۆمپانیای غازپرۆم زیاتر لە ڕۆژهەڵات و باشووری عێراقدا بە ناوەندگیریی کۆمپانیایێکی دیکەی ڕووسی بە ناوی "باشنەفت" کار دەکات. غازپرۆم سەدا 40 پشکی کێڵگە نەوتییەکانی گەرمیان و سەدا 80ی کێڵگەکانی شاکەل و هەڵەبجەی بەدەستەوەیە و زیاتر لە سەر دۆزینەوەی نەوت کار دەکات.
کوردپرێس: بەغدا ڕازی نییە لەو گرێبەستە نەوتییەی ڕۆسنەفت لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆی کردووە. ئایا بەغدا دەتوانێت ئەو مامەڵەیە هەڵبوەشێنێتەوە؟
ڕەئووف مامۆدۆف: هەولێر یارییێکی زیرەکانەی دەست پێکرد و بەو گرێبەستەی لەگەڵ ڕۆسنەفت واژۆی کرد ڕێگریی کرد لە هەموو چەشنە تەداخول و لەمپەرتاشینی بەغدا. هەردوو کۆمپانیای ڕۆسنەفت و غازپرۆم لەلایەندەوڵەتی ڕووسیاوە پشتگیری دەکرێن و هەر بەو بۆنەیەشەوە دەوڵەتی بەغدا ناتوانێت بەو ئاسانییە کێشە بۆ گرێبەستەکانی ئەو دوو کۆمپانیا نەوتییە دروست بکات.
کوردپرێس: ڕووسیا لە مەسەلی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستاندا هەڵوێستی بێ لایەنی هەڵبژارد و ئێستاش ئەو دوو کۆمپانیا ڕووسییە سەرمایەدانەریی گەورەیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق کردووە. ڕووسیا چۆن دەڕوانێتە هەرێم؟
ڕەئووف مامۆدۆف: مۆسکۆ توانیویەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێبینی و بابەتی جیۆپۆلەتیکی لە بەرژەوەندی و قازانجی سیاسی جیا بکاتەوە. لە بارەی قەتەر و سعوودیەشەوە هەمان هەڵوێست و نمایشی سیاسی لەلایەن ڕووسیاوە گیراوەتە بەر. ئەگەر ڕووسیا تەعامول و عیلاقاتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان عەقڵانی و گونجاو نەبێت ئەوا لە پێوەندییەکانی مۆسکۆ و ئەنقەرەدا کێشە دروست دەبێت هەر بۆیەش ڕووسیا لە ئامانجە جیۆپۆلەتیکییە کورتە مەودا و مامناوەندەکاندا زیرەکانە دەجووڵێتەوە لەبەر ئەوەی عیلاقاتی لەگەڵ تاران و بەغدا و ئەنقەرە تێک نەچێت.
کوردپرێس: ئایا سەرمایەدانەریی کۆمپانیا ڕووسییەکان لە هەرێمی کوردستان توانای ئەوەی هەیە کە ناوچەکە لە قەیرانی ئابووری ڕزگار بکات؟
ڕەئووف مامۆدۆف: بێگومان ئەو بابەتە یارمەتیی فراوانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەدات. ئابووری هەرێمی کوردستان بەستراوە بە هەناردەکردنی نەوت و گاز. ئەگەر ئەو سەرمایە چەند ملیار دۆلارییە بەباشی پلانی بۆ دابنرێت ئەوا دەتوانێت سەقامگیریی ئابووری بۆ ماوەیێکی درێژ لە ناوچەکەدا جێگیر بکات. سەقامگیریی سیاسی ئەگەر ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێری لەگەڵ بێت و کۆک بن لە سەر بەش کردنی داهاتی نەوت و گازی ناوچەکە ئەوا گەشەی ئابووری لە هەرێمی کوردستان دیێتە بەر.
Your Comment