حەکیم کاکەوەیس، نووسەر و وەرگێڕی کورد کۆچی دواییی کرد

بەشی فەرهەنگ و هونەر- حەکیم کاکەوەیس نووسەر و وەرگێڕی ناسراوی هەرێمی کوردستان بە هۆی نەخۆشیی دڵەوە کۆچی دواییی کرد.

کوردپرێس:

ڕۆژی یەکشەمە 18-11-2018 حەکیم کاکەوەیس، نووسەر و وەرگێڕی ناسراوی هەرێمی کوردستان لە شاری بەغدا کۆچی دواییی کرد.

هەڵۆ کاکەوەیس، کەسوکاری حەکیم کاکەوەیس بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند "حەکیم کاکەوەیسی ئامۆزام دوای گەڕانەوەی لە سوێد لە کەرکووک دەژیا، بەهۆی نەخۆشییەوە ماوەی دوو رۆژە بۆ وەرگرتنی چارەسەر چووبووە بەغدا، بەداخەوە ئەمڕۆ کۆچی دواییی کرد".

حەکیم کاکەوەیس نووسەری چەندین کتێبە، چەندین کتێبیشی لە زمانەکانی عەرەبی و سوێدییەوە بۆ کوردی وەرگێڕاون.

حەکیم کاکەوەیس لە ساڵی 1949 لە گوندی حەساری گەورە لە کەرکووک لەدایک بووە. باوکی چوار کوڕ و کچێک بوو.

قۆناخی ئامادەییی لە کەرکووک تەواو کردووە. ساڵی 1973 بەشی بیرکاریی لە کۆلیژی زانست لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە. دوای زانکۆ تاوەکوو کۆتاییی شۆڕشی ئەیلوول پێشمەرگە بووە.

هاوینی 1975 لە بەغدا وەکوو فەرمانبەری پرۆگرامسازی لە وەزارەتی پلاندادان دامەزراوە، تاوەکوو ساڵی 1980 بەردەوام بووە. پاشان گواستراوەتەوە بۆ زاخۆ وەکوو سەرباز و کارەکەی جێهێشتووە.

لە ساڵی 1984 چووەتە وڵاتی سوێد، لە ساڵی 2000 بەهۆی نەخۆشیی دڵ خانەنشین کراوە. دواتر سوێد جێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە بۆ زیدی خۆی لە گوندی حەسار لە کەرکووک، ژیانی خۆی بە خوێندنەوە و نووسین و وەرگێڕان بەسەربردووە.

بەشێک لە بەرهەمەکانی:

- اللسان الکرد. نووسەر: مەسعوود محەمەد، وەرگێڕانی بۆ کوردی: حەکیم کاکەوەیس، ھەولێر: کوردستان، 2008

- حەجێکی تر بۆ بەردەرگای «خەتێ»ی زانا، مەسعود محەممەد، وەرگێڕانی بۆ کوردی: حەکیم کاکەوەیس

- کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆچی بە شێتخانە دەچێت؟ مەسعود محەمەد، وەرگێڕانی بۆ کوردی: حەکیم کاکەوەیس

- رۆمانى گورگى رووتەڵان، حەکیم کاکەوەیس لە سوێدییەوە بۆ کوردی وەریگێڕاوە.

- رۆمانی کۆلارەفڕێن، بەرهەمی رۆماننووسی ئەفغانی خالید حوسێنی، وەرگێڕانی بۆ کوردی حەکیم کاکەوەیس.

News Code 39671

Your Comment

You are replying to: .
captcha