سه‌ردانی به‌رهه‌م ساڵح بۆ تاران زۆر گرینگه‌

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئاراس تاڵه‌بانی هاوڕێیێکی سه‌رکۆماری عێراق له‌ سه‌ردان‌کردنی تاران به‌ کوردپرێسی ڕای‌گه‌یاند: گفتوگۆی سه‌رکۆمارانی ئێران و عێراق له‌سه‌ر هه‌ندێک بابه‌تی سیاسی، ئابووری و ئه‌منی زۆر باش بوون و هه‌ردوولا له‌سه‌ر زۆربه‌ی بابه‌ته‌کان ڕایان وه‌کوو یه‌ک بوو.

کوردپرێس: ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17ی تشرینی دووهه‌می 2018 به‌رهه‌م ساڵح به‌ یاوه‌ریی شاندێکی باڵا گه‌یشته‌ تارانی پایته‌ختی ئێران و له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی مێهرئاباد له‌لایه‌ن ڕه‌زا ڕه‌حمانی وه‌زیری پیشه‌، کانگا و بازرگانی پێشوازیی لێکرا و دواتر دوکتۆر حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رکۆماری ئێران له‌ کۆمه‌ڵه‌ی مێژوویی- فه‌رهه‌نگیی سه‌عدئاباد پێشوازی لێکرد.

ئاراس شێخ جه‌نگی هاوڕێیێکی دوکتۆر به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری عێراق پاش به‌ڕێوه‌چوونی کۆبوونه‌وه‌ و کۆنفڕانسی ڕۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شی سه‌رکۆمارانی ئێران و عێراق دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ ئاژانسی کوردپرێس ئه‌نجام دا و باسی له‌ گرینگایه‌تیی ئه‌م سه‌فه‌ره‌ و گفتوگۆی نێوان سه‌رکۆمارانی دوو وڵات کرد و ڕای‌گه‌یاند: ئه‌نجام‌دانی ئه‌م سه‌فه‌ره‌ له‌ قۆناغی ئێستادا گرینگییێکی ستراتێژیکی هه‌یه‌.

تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ ته‌وه‌ره‌ گرینگه‌کانی دیداری نێوان سه‌رکۆمارانی ئێران و عێراق بریتی بوو له‌؛ په‌ره‌پێدان و قووڵ‌بوونه‌وه‌ی پێوه‌ندیی سیاسی و ئابووری له‌ نێوان ئێران و عێراق به‌ تایبه‌ت دروست کردنی ناوچه‌ی ئازادی بازرگانی له‌ سنووری دوو وڵات، دروست کردنی ڕێگای ئاسنینی نێوان دوو وڵات بۆ ئاسانکاریی په‌یوه‌ندیی بازرگانی و که‌م کردنه‌وه‌ی کێشه‌ی زیاره‌تکاران، هاوکاریی ژینگه‌ و پرسی ئه‌منی.

ئاراس تاڵه‌بانی که‌ که‌سێکی نزیک له‌ سه‌رۆک کۆماری عێراق ده‌بێت له‌باره‌ی گرینگایه‌تیی ئه‌م سه‌ردانه‌ ڕای‌گه‌یاند: سه‌فه‌ری دوکتۆر به‌رهه‌م ساڵح بۆ تاران له‌ قۆناغی ئێستادا سه‌ردانێکی زۆر گرینگه‌ چوونکه‌ عێراق و ئێران دۆستاییێکی مێژووییی زۆریان هه‌یه‌ و عێراق و ئێران ده‌توانن ده‌ورێکی زۆر گرینگ ببینن به‌ تایبه‌تی عێراق ده‌توانێت ببێته‌ میحوه‌رێکی ئه‌ساسی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له‌ ناوچه‌که‌.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رکۆمارانی ئێران و عێراق گوتیشی: دیدارێکی زۆر باش بوو له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی که‌ ئاماژه‌م پێکرد و هه‌ردوولا له‌سه‌ر زۆربه‌ی شته‌کان ڕایان وه‌کوو یه‌ک بوو.

تاڵه‌بانی سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی به‌غدا هه‌مبه‌ر گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران گوتیشی: هه‌روا که‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رکۆماری عێراق له‌ کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌نووسییه‌که‌دا ئاماژه‌ی پێکرد عێراق نابێت به‌ ته‌ره‌ف له‌و موشکیلانه‌ی که‌ ئێستا له‌ نێوان ئێران و ئه‌مریکادا هه‌یه‌. عێراق وه‌کوو وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ له‌ ناوچه‌که‌ ئیش ده‌کات و ئێمه‌ مه‌رزێکی زۆرمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئێران و ناتوانین ببین به‌ ته‌ره‌ف له‌م کاره‌.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ پابه‌ندبوونی عێراق به‌ گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران باسی له‌ پێکهێنانی هه‌ندێک لیژنه‌ی جۆراوجۆر له‌ نێوان ئێران و عێراق کرد بۆ په‌ره‌پێدان و جێبه‌جێ کردنی هه‌ندێک له‌و کارانه‌ی که‌ له‌ به‌ینی ئێران و عێراقدا هه‌یه‌.

ئاراس تاڵه‌بانی له‌ کۆتاییدا دیدار له‌گه‌ڵ دوکتۆر عه‌لی لاریجانی سه‌رۆکی په‌رله‌مان، ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی ڕێبه‌ری باڵای شۆڕش و محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریفی به‌ دیکه‌ی به‌رنامه‌کانی سه‌فه‌ری دوو ڕۆژه‌ی سه‌رکۆماری عێراق بۆ ئێران وه‌سف کرد.

شایانی باسه‌؛ پێشتر سه‌رکۆماری عێراق سه‌ردانی وڵاتانی کوه‌یت، ئیمارات و ئۆردۆنی کرد.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39626

Your Comment

You are replying to: .
captcha