یەکێتیی ئەورووپا پشتگیریی عێراق دەکات لە مەسەلەی گەمارۆکانی ئەمریکا دژبە ئێران

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا پشتگیری لە هەڵوێستی عێراق لەبارەی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران دەکات.

کوردپرێس:

ئەمڕۆ هەینی (16-11-2018) نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی پەیوەندیی تەلەفۆنیی فێدریکا مۆگرینی و عادل عەبدولمەهدی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، مۆگرینی پەیوەندیی بە عادل عەبدولمەهدییەوە کرد و بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، پیرۆزباییی لێکردووە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "مۆگرینی جەختی لە پشتگیریی یەکێتیی ئەورووپا بۆ عادل عەبدولمەهدی و حکوومەتەکەی کردەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە کارکردن لەگەڵ عێراق ئەولەوییەتێکی گرنگی یەکێتیی ئەورووپایە".

مۆگرینی ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێتیی ئەورووپا چاودێریی هەنگاوەکانی عادل عەبدولمەهدی دەکات لە پێکهێنانی حکوومەت و هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی پشکپشکێنە لە هەڵبژاردنی وەزیرەکاندا.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مۆگرینی ئامادەیی یەکێتیی ئەوروپای بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە رووی سیاسی و دارایی و ئەمنییەوە دەربڕیوە، سەرەڕای پشتگیریکردن لە هەڵوێستی عێراق بەرامبەر بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.

مۆگرینی بە عادل عەبدولمەهدی راگەیاندووە: "یەکێتیی ئەوروپا ئامادەیە هاوکاری عێراق بکات و پشتگیری لێبکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنجامەکانی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران".

سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، عێراق رووبەڕووی کێشەی دابینکردنی کارەبا و گازی سرووشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا دەکاتەوە، بەوپێیەی عێراق 1300 مێگاوات کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، لەگەڵ گازی سرووشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا.

ئەمریکا ماوەی 45 رۆژی بە عێراق داوە، بۆ ئەوەی هاوردەکردنی کارەبا و گازی سرووشتی لە ئێرانەوە رابگرێت.

رۆژی 05-11-2018 واشنتن دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی سزاکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران راگەیاند. هەریەک لە عێراق، چین، تورکیا، هیندستان، ئیتاڵیا، یۆنان، ژاپۆن، کۆریای باشوور و تایوان لە لیستی وڵاتە بەخشراوەکاندان، کە زۆرینەیان کڕیاری سەرەکیی نەوتی ئێرانن.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 39610

Your Comment

You are replying to: .
captcha