شێرکۆ جه‌وده‌ت: گازی سروشتی ده‌بێته‌ ده‌روازه‌یێکی گه‌وره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه‌ و سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ خولی پێشووی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: گازی سروشتی ده‌بێته‌ ده‌روازه‌یێكی گه‌وره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و داهاته‌كه‌شی كه‌متر نابێت له‌و داهاته‌ی له‌ نه‌وته‌وه‌ ده‌ستی ده‌كه‌وێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شێركۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له ‌لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "زۆرینه‌ی بڕی گازی سروشتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی كۆڕمۆر له‌ نزیک چه‌مچه‌ماڵ له‌ پارێزگای سلێمانی و بڕێكی زۆر یه‌ده‌گی گازی سروشتی تێدایه‌ كه‌ نزیكه‌ی له‌سه‌دا 80ی یه‌ده‌گی گازی سروشتی هه‌رێم پێكده‌هێنێت له‌ به‌رانبه‌ردا له‌سه‌دا 70ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆک."

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: داهاتی گازی سروشتی هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ داهاتی نه‌وت و ئێستا هه‌رێمی كوردستان سه‌رقاڵی پڕۆژه‌یێكی ستراتێجییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی توركیاوه‌ گازی سروشتی خۆی به‌ بۆری ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات و ببێته‌ یه‌کێک له‌ جێگره‌وه‌كانی گازی سروشتی ڕووسیا كه‌ پێشتر ڕه‌وانه‌ی ئه‌ورووپا ده‌كرا و به‌ هۆی داخستنی ڕێگای ئۆكرایناوه‌ ئه‌و ڕێگایه‌ نه‌ما، ئێستا هه‌رێم داده‌نرێت به‌ جێگرتنه‌وه‌ی ئه‌و، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان بزانێت چۆن به‌ دروستی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بكات ئه‌وا ده‌بێته‌ ده‌روازه‌یێكی گه‌وره‌ بۆی و داهاته‌كه‌شی كه‌متر نابێت له‌و داهاته‌ی له‌ نه‌وته‌وه‌ ده‌ستی ده‌كه‌وێت.

شێركۆ جه‌وده‌ت له‌باره‌ی بڕی یه‌ده‌گی گازی سروشتی هه‌رێم ئاشكرای كرد که‌ ئه‌و ئامارانه‌ی هه‌یه‌ ئاماری نافه‌رمین و حكوومه‌ت بۆ خۆی ئامارێكی ته‌واوی له‌ لا نییه‌ له‌و باره‌یه‌وه و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ یه‌ده‌گی گازی سروشتی هه‌رێم به‌ سێ‌ ترلیۆن مه‌تری سێجا مه‌زنده‌ ده‌كرێت.

ئه‌و هه‌روه‌ها ڕاشی‌گه‌یاند: "حكوومه‌تی هه‌رێم وه‌ک مه‌له‌فێكی داخراو مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌ی ستراتێجی ڕاكێشانی بۆری گازی سروشتی بۆ توركیا ده‌كات و زانیاری ته‌واومان له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ نییه‌ و نازانین دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستی پێكردوووه‌ پڕۆژه‌كه‌ به‌ كوێ‌ گه‌یشتوووه‌".

جه‌وده‌ت باسی له‌وه‌ش كرد له‌ هه‌رێمی كوردستان چه‌ند كۆمپانیایێک له‌وانه‌ش دانا غاز و گه‌نه‌ڵ ئێنرجی توركی وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن له‌ گازی سروشتی هه‌رێم، به‌ڵام تا ئێستا حكوومه‌ت هیچ داتا و زانیارییێک له‌ باره‌ی كار و داهاتی گاز ئاشكرا ناكات.

شێركۆ جه‌وده‌ت له‌ به‌شێكی‌تری لێدوانه‌كه‌یدا و له‌ باره‌ی بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌ره‌وه‌ له‌ ئێستادا گوتیشی: "به‌پێی زانیارییه‌ وردبینی نه‌كراوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم كه‌ بڵاوی كردۆته‌وه‌ بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وت بۆ ده‌ره‌وه‌ زیاتر‌ له‌ 400 هه‌زار به‌رمیله‌ له‌ ڕۆژێكدا و له‌ ڕێگه‌ی بۆری و به‌نده‌ری جیهانه‌وه‌ ده‌نێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌".

ئه‌ندامه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان باسی له‌وه‌ش كرد سه‌ره‌ڕای سه‌پاندنی گه‌مارۆ ئابوورییه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئێران به‌ڵام تا ئێستا مامه‌ڵه‌ی نه‌وت و به‌رهه‌مه‌كانی‌تری نه‌وت له‌ نێوان ئێران و هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39584

Your Comment

You are replying to: .
captcha