ئه‌مه‌ریکا واده‌ی کۆتایی هاتنی داعش له‌ سووریا ڕاده‌گه‌یێنێت

به‌شی جیهان- نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریکا سه‌باره‌ت به‌ کۆتایی هاتنی داعش ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: وڵاته‌که‌ی پشتیوانی له‌ شه‌ڕڤانان ده‌کات بۆ کۆتایی هێنان به‌ داعش له‌ باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا و ده‌ست پێکردنی قۆناغێکی نوێ له‌و وڵاته‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، جه‌یمس جیفری نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریکا بۆ سووریا ڕای‌گه‌یاند: ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ کار ده‌کات بۆ کۆتایی هێنان به‌ گرووپی داعش له‌ دوا مۆڵگه‌کانی له‌ باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا و له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی داهاتوودا سوپای وڵاته‌که‌ی له‌ سووریا ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ گره‌نتی کردنی دووباره‌ سه‌رهه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه‌ توندڕه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی شانه‌ نوستوووه‌کانییه‌وه‌.

جیفری جه‌ختی کرده‌وه‌: شه‌ڕی مه‌یدانی و سه‌ر زه‌ویی به‌ درێژاییی ڕووباری فورات به‌رده‌وامه‌ و سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریکا پشتیوانیی شه‌ڕڤانانی سووریای دیموکرات ده‌که‌ن بۆ کۆنتڕۆڵ کردنه‌وه‌ی دوا مۆڵگه‌کانی داعش له‌ ده‌یره‌زوور و له‌سه‌ر خاکی سووریا.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه ‌کرد: شه‌ڕ به‌رده‌وامه‌ و هیواخوازین به‌منزیکانه‌ کۆتایی بێت تا قۆناغی داهاتوی سووری ده‌ست پێبکات و پڕۆسه‌ی سیاسی کارا بکرێت و شه‌ڕی ناوخۆیی کۆتایی پێبێت که‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه‌ له‌و وڵاته‌ به‌رده‌وامه‌.

نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریکا هیواخوازه‌ که‌ پێش کۆتاییی ئه‌مساڵ ده‌ستوورێکی نوێ بۆ سووریا بنووسرێته‌وه‌ وه‌ک به‌شێک له‌و ڕێککه‌وتنه‌ی مانگی ڕابردوو له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ له ‌نێوان سه‌رانی ڕووسیا و ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نسا و تورکیا بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌.

سه‌رچاوه‌: سبه‌ی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39580

Your Comment

You are replying to: .
captcha