بۆ ڕێدان به‌ هه‌نارده‌ی نەوتی كەركووک، حكوومەتی ھەرێم مه‌رجی هه‌یه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وزە گوتی حكوومەتی ھەرێم بە مەرج ئامادەیە نەوتی كەركووک و ناوچەكانی دیكە لە رێگەی بۆڕیی نەوتی ھەرێمەوە ھەناردەی دەرەوە بكرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بێوار خنسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند: حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە مەرج نەوتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە رێگەی بۆریی خۆیەوە ھەناردەی دەرەوە دەکات، ئەویش گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ئەو ناوچانە بۆ پێش ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر.

ئه‌و ده‌ڵێ، ئێستا داعش سەری ھەڵداوەتەوە و نزیكن لە ھەموو شوێنەكان و بەردەوام ھەڕەشە دەكەن و جگە لەوەش پارێزگاری كەركووک بە وەكالەت بەربووەتە گیانی كوردان و بە ھەزاران دۆنم زەویی لێ داگیر كردوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەمه‌ رازی نابێت نەوتی ئەو ناوچانە لە رێگەی بۆریی نەوتی ھەرێمەوە ھەناردە بكرێت.

بێوار خنسی، زیادی کرد: "ئەگەر پەیوەندیی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا ئاسایی بێتەوە و دۆخەكە ئارام بێت و رێككەوتنێک بەپێی دەستوور بكرێت و ئارامی بۆ ناوچە كوردستانییەكان بگەڕێندرێتەوە بۆ پێش ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، دەتواندرێت ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لەو ناوچانەدا بۆ رێژەیێكی زۆر بەرز زیاد بكرێت و نەوتەكەیش لەرێگەی بۆڕیی نەوتی ھەرێمەوە ھەناردە بكەن".

ئه‌و ڕاوێژكاره‌ی ئەنجوومەنی ئاساییشی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وزە، جه‌خت له‌ پێویستیی ئیدارەیێكی باش ده‌كاته‌وه‌ تا ئارامی بۆ ناوچەكە بگەڕێندرێتەوە ئەگەر نا ھیچ كۆمپانیایێک ئامادە نییە بەو شێوەیە بچێتە ناوچەكە و كار بۆ بەرھەمھێنانی نەوت بكات و جگە لەوەش حكوومەتی عێراق بە بێ بۆڕیی نەوتی ھەرێم ناتوانێ یەک بەرمیل نەوت ھەنادەی دەرەوە بكات، بۆیە پێویستە حكوومەتی ھەرێم لە بڕیاردان لەبارەی نەوتی ناوچە كوردستانییەكانەوە، شەریكی راستەقینە بێت و بڕیارەكەیش كێشەكان چارە بكات، ئەگەر نا ھەر بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت".

دەشڵێ: "حكوومەتی عێراق ناچار بووە بگەڕێتەوە بۆ ھەرێم، چونكە لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، حكوومەتی عێراق زیانی زۆری بەركەوتووە و تەنیا لە دوو مانگی كۆتاییدا، زیانی 2 ملیار دۆلاری بەركەوتووە، لە كاتێكدا عێراق قەرزدارە و پێویستیی زۆری بە پارە ھەیە، بۆیە بۆ ئەوەی بتوانن ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت بەرز بكەنەوە، پێویستە ئارامی بۆ ناوچەكە بگەڕێننەوە".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 39531

Your Comment

You are replying to: .
captcha