به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مسته‌فا قه‌ره‌سوو له سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: "دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا سیاسییێكی بازرگانه و له به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕیاره‌دا سوودێكی ده‌ست كه‌وتوووه یان قازانجێكی ده‌ست ده‌كه‌وێت، ده‌بێت له‌وه تێبگه‌ین كه ئه‌و بڕیاره بۆ ده‌ركراوه، هۆكاری سه‌ره‌كی لایه‌نی ئایدۆلۆژی و سیاسی و ئابوورییه".
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردوووه که بڕیاره‌كه دژایه‌تی كردنی گه‌لی كورده و له‌وباره‌یه‌وه نووسیویه‌تی: "نابێت به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌مریكا وه‌ک داگیركه‌ره پاكتاوكاره‌كانی توركیا بڵێن "كورد جیاوازه، په‌كه‌كه جیاوازه". هه‌موو دونیا ده‌زانێت ئه‌و قسه‌یه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا بۆ شاردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی پاكتاوكردنه دژی كورد، بۆ شاردنه‌وه‌ی دوژمنایه‌تییه‌كه‌یه‌تی به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد".
مسته‌فا قه‌ره‌سوو وتووشیه‌تی: "له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ئه‌وه‌ی بیه‌وێت شتێک له توركیا وه‌ربگرێت پێش هه‌موو شتێک ده‌ست ده‌كات به دوژمنایه‌تی كردنی په‌كه‌كه".
هه‌ر له‌باره‌ی بڕیاره‌که‌ی ئه‌مریکا ڕۆژی دووشه‌ممه 12ی تشرینی دووهه‌می 2018 سه‌رحه‌د ڤارتۆ وته‌بێژی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕای‌گه‌یاند که ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌مریكا تایبه‌ت به ده‌ستگیركردنی سێ سه‌ركرده باڵاكه‌ی په‌كه‌كه كه بریتین له موراد قه‌ره‌یلان و دۆران كالكان و جه‌میل بایک "به دڵنیاییه‌وه كاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌یاندنی هاوكارییه‌كانی بۆ سووریا ده‌بێت به‌تایبه‌ت كه هه‌ر سیاسه‌تێكی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر كورد كاریگه‌ری له‌سه‌ر هاوكارییه سه‌ربازی و لۆجستییه‌كانی سووریاش ده‌بێت."
هه‌ر له‌وباره‌شه‌وه مه‌لا به‌ختیار کارگێڕی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان ده‌ڵێت: دوای ساڵه‌ها له كێشه‌ی بچووک و گه‌وره‌ی نێوان ئه‌مریكا و توركیای ئه‌ندامانی ناتۆ، سه‌ره‌نجام، سێ سه‌ركرده‌ی په‌كه‌كه (موراد قه‌ره‌یلان، جه‌میل بایک و دوران كالكان) به "تیرۆریست ناسران و ملیۆنه‌ها دۆلاری مۆڵیش بۆ قه‌پڵاندنی سه‌ریان دیاری كرا."
مه‌لا به‌ختیار ده‌شڵێت: ئه‌م بڕیاره له‌م دۆخه‌دا چاوه‌ڕوانکراو بوو به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌نجامی به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزه‌كانه، سیاسه‌تی زلهێزه‌كان له دوای سایكس پیكۆوه (1916) ده‌ریده‌خات ڕه‌شه‌بای به‌رژه‌وه‌ندییان كه هه‌ڵیكرد، پرنسیپ، دۆستایه‌تی، فه‌لسه‌فه، ئازادی و مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌نه پێخۆر."
ناوبراو گوتیشی: ئه‌م بڕیاره "دیاره په‌لوپۆی نهێنی زۆرن، ئه‌وه‌ی لای من له هه‌موو بابه‌تێكی دیكه گرنگتره ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌م بڕیاره خزمه‌تی ستراتێژی دیموكراسی، ژیانی مه‌ده‌نی، ئازادی و مافی مرۆڤ ده‌كات كه ئه‌مریكا ستراتێژییه‌كه‌ی له جیهاندا له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و چه‌مكانه ڕۆناوه؟! ئه‌گه‌ر به ڕاستی خزمه‌تی ده‌كات كه‌واتا ئه‌مریكا بڕیارێكی به‌جێی داوه. ئه‌گه‌ر نا بێگومان بڕیارێكی هه‌ڵه‌یه."
مه‌لا به‌ختیار ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: هه‌رچۆنێک به‌راوردی كێشه‌كانی توركیا و هه‌ڵه‌كانی په‌كه‌كه بكرێ، توركیا ده‌یان به‌رامبه‌ر له دۆخی توركیا و له پرۆسه‌ی دیموكراسی‌و ئازادیه مه‌ده‌نییه‌كان به‌رپرسیارتره. كه‌چی، ئه‌مریكا، كه له چركه‌ساتێكدا، سه‌دان ملیۆن وشه زانیاری ده‌گاته پنتاگۆنه‌كه‌ی و له ئان و كاتیش‌دا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ئاگادار ده‌كرێته‌وه له‌و زانیارییانه، هه‌تا به هه‌ڵه نه‌چێ، به بێ ئه‌وه‌ی گوێ بداته سه‌رجه‌م كێشه و هاوكێشه‌كان، دوای ڕزگاركردنی قه‌شه‌كه‌یان، بڕیاری له‌م چه‌شنه ده‌دات و توركیاش چه‌شه ده‌بێ، هه‌تا پێی لێهه‌ڵبڕێ. دۆخه‌كه‌ش وا به‌رده‌وام بێ، دوور نییه له سووریاش ئه‌مریكا پاشه‌كشه بكات.
هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ش كردوووه‌ته‌وه: به دڵنیایییه‌وه به تیرۆریست زانینی سێ سه‌ركرده‌ی په‌كه‌كه، كه ته‌مه‌نی خۆیان له‌سه‌ر ڕێبازه‌كه‌یان داناوه هه‌رگیز نه خزمه‌تی ئامانجه ستراتێژییه‌كانی ئه‌مریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌كات و نه توركیاش له قه‌یرانه هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی ڕزگار ده‌كات.
سه‌رچاوه: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment