نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان دۆزینه‌وه‌ی 202 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی له‌ عێراق ڕاگه‌یاند

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: له‌و ناوچانه‌ی عێراق که‌ پێشتر له‌ لایه‌ن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشه‌وه‌ کۆنترۆڵ کرابوون 202 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ دۆزراونه‌ته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان له‌ عێراق (یۆنامی) و كۆمیسه‌ری باڵای مافه‌كانی مرۆڤی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان له‌ شاری جنێڤی سویسرا ڕاپۆرتێكی هاوبه‌شیان له‌باره‌ی كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش له‌ عێراق بڵاو كرده‌وه‌.

به‌پێی ڕاپۆرته‌كه‌ له‌ پارێزگاکانی نه‌ینه‌وا، كه‌ركووک، سه‌ڵاحه‌ددین، ئه‌نبار و ناوچه‌کانی خۆرئاوای عێراق 202 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ دۆزراوه‌ته‌وه‌.

له‌و ڕاپۆرته‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كاندا هۆشداری دراوه‌ له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ پێده‌چێت ژماره‌ی ئه‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌ زۆر زیاتر بێت كه‌ ڕووفاتی هه‌زاران قوربانیان تیادا دۆزراوه‌ته‌وه‌.

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌ وه‌بیرهێنراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017، داعش ده‌ستی به‌ سه‌ر ناوچه‌یێكی به‌رفراواندا گرتبوو له‌ عێراق و ئه‌و ڕێكخراوه‌ به‌ شێوه‌یێكی به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو مافه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی مرۆڤی پێشێل كردوووه‌، تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی و كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نجام داوه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌یش كراوه‌ كه‌ له‌ نێو ئه‌و قوربانییانه‌ی له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كاندا دۆزراونه‌ته‌وه‌ ڕووفاتی ژن، منداڵ، كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و كه‌سانی سه‌ر به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق هه‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39460

Your Comment

You are replying to: .
captcha