کوردپرێس:
عەلی حوسێن، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی بە ماڵپەری فەرمیی حزبەكەی راگەیاندووە، وەك سەرەتا بە ناڕاستەوخۆ گفتوگۆ دەربارەی پێكهێنانی كابینەی نوێ كراوە، بەڵام وەك شاند، دانوستانی فەرمی لەگەڵ هیچ لایەنێكدا نەكراوە.
ئاماژەی بەوەش كردووە، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆكان لە پێناو لێكنزیكبوونەوەیانە لەگەڵ لایەنەكاندا، تا وادەیەكی نزیك بۆ ئەو مەبەستە دیاری بكرێت.
6ی ئەم مانگە، یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كرا و كاندیدە دەرچووەكان سوێندی یاساییان خوارد و بەپێی یاسا بوونە پەرلەمانتاری خولی نوێ.
عەلی حوسێن، رەتی دەكاتەوە لە ئێستادا لیژنە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان سەبارەت بە چۆنیەتیی پێكهێنانی كابینەی نوێ دیاری كرابێت، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە دەبێت سەرەتا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاری بكرێت.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی دەشڵێت، حزبەكەی پاكێجی تایبەتی خۆی بۆ یەكلاكردنەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت، كە بەم زووانە دوو لیژنە بۆ ئەو مەبەستە پێك دەهێنن.
Your Comment