به‌لجيكا داواى به‌شدارى به‌هێزى كورد له‌ حكوومه‌تى به‌غدا ده‌كات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- له‌ ميانى كۆبوونه‌وه‌یێکدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، باڵێۆزى به‌لجيكا له‌ عێراق و ئه‌رده‌ن رايگه‌ياند پێويسته‌ كورد به‌شدارييێكى كارا له‌ كابينه‌ى حكوومه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ به‌غدا بكات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ هنریک ڤان دیفێڵد باڵیۆزی به‌لجیكا له‌ عێراق و ئه‌رده‌ن و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا دیفێڵد باسی له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌كاری بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم كرد و پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووریدا به‌رز نرخاند، هه‌روه‌ها باسی له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ كرد و به ‌پێویستی زانی به‌شدارییێكی به‌هێزی لایه‌نی كوردی له‌و حكوومه‌ته‌دا هه‌بێت به ‌شێوه‌یێک له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ خزمه‌تگوزاری بۆ پێكهاته‌كانی عێراق دابین بكات و كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پوخته‌یێكی ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تیی ده‌ستپێكردنی كۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش كرد و ئاماژه‌ی به‌ به‌ره‌و پێشچوونه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووری و باشتركردنی ژیانی هاووڵاتیان كرد و ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانی بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكانی هه‌ولێر ـ به‌غدا به ‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌كان ده‌ربڕی.

تاوتوێ كردنی ره‌وشی ئاواره‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان، دابین كردنی خزمه‌تگوزارییه‌ پێویسته‌كانیان و پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

سەرچاوە: K24

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 39386

Your Comment

You are replying to: .
captcha