کوردپرێس:
لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر وتەبێژەکەی وەزارەتی نەوت باسی لەوەکردووە، پابەندبوونی عێراق بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زیانێکی ئەوتۆ بە ئابوری وڵات ناگەیەنێت، چونکە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ سێ ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا زیادیکردووە و بڕی هەشت ملیۆن دۆلاری خستووەتە سەر داهاتی وڵات.
باسی لەوەشکرد، ئەگەر هەناردەی نەوت بۆ ئێران رابگرن کە رۆژانە کەمتر لە ٣٠ هەزار بەرمیلە، ئەوا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت لەسەر عێراق.
لەلایێکی دیکەوە، حەمزە ئەلجەوهەری پسپۆڕی بواری نەوت لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە، پابەندنەبوون بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەرەنجامی سیاسی دەبێت، عێراق لەڕووی وزەوە پشت بە ئێران دەبەستێت، بەهۆی سزاکانیشەوە عێراق بڕی پێنج هەزار مێگاوات وزەی کارەبا لەدەستدەدات، کە ناتوانێت لە شوێنی دیکە قەرەبووی بکاتەوە. ئەوەش ناڕەزایی و ناسەقامگیری سیاسیی و نەبوونی ئاسایشی لێدەکەوێتەوە.
ناوبراو پێی وایە سەرەڕای سەختی بارودۆخەکە، عێراق ناچارە پابەندی سزاکان بێت، چونکە ئەگەر وانەکات زیان بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی دەگات و ئەو هاوکارییەشی کە وڵاتانی نێودەوڵەتی پێی دەدەن لەدەست دەدات.
رۆژی دووشەممە (٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨)، قۆناغی دووەمی سزا سەپێنراوەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە و، بە زۆری کەرتەکانی نەوت و دارایی ئەو وڵاتەی کردووەتە ئامانج.
سەرچاوە: ئێن ئاڕ تی
Your Comment