کوردپرێس: بەپێی میدیاکانى نزیک لە یەپەگە، بۆردومانەکانى تورکیا ناوچەکانى گرێ سپى و سەلێمێ و کورعەلی چەند گوندێکى ڕۆژئاواى کۆبانێى گرتووەتەوە و بەهۆیەوە شەڕڤانێک گیانی لەدەست داوە و دوو هاوڵاتیش بەسەختى بریندار بوون.
لەسەر بۆردومانەکە، فەرماندەیی گشتیى هێزەکانى سووریاى دیموکرات لە ڕاگەیێنراوێکدا ڕایگەیاند بنکە و بارەگاکانیان بە درێژایی سنوورى کوردستانی سووریا و تورکیا، رووبەڕووى هێرشى تورکیا بوونەتەوە.
ناوبراو جەختیشی کردەوە، بەرەنگارى هێرشەکانى تورکیا دەبنەوە و لەو چوارچێوەیەشدا ئۆتۆمبێلێکى سەربازییان تێکشکاندووە.
٢٨ى ئەم مانگە، تورکیا بۆردومان کردنى سنوورى کۆبانێی دەست پێکردەوە، بە پاساوى بەرگری لە خۆکردن و وەڵامدانەوەى هێرشەکانى یەپەگە بۆ سەر سنوورەکانى.
دوێنێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاندبوو،لە داهاتوویێکی نزیکدا بە ئۆپراسیۆنی گشتگیرتر هێرش دەکەنە سەر هێزەکانى سووریاى دیموکرات لە رۆژهەڵاتى رووبارى فوڕات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment