قائیمقامی شنگال: عێراقمان له‌ جموجۆڵی داعش ئاگادار كردۆته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- قائیمقامی شنگال ڕایده‌گه‌یه‌نێت که‌ ڕێكخراوی داعش له‌ ماوه‌ی 10 ڕۆژی ڕابردوودا له‌ باشووری شنگال و ده‌شتایی نه‌ینه‌وا كه‌وتۆته‌وه‌ جموجۆڵ و چالاكی و حكوومه‌تی عێراقمان له‌ جموجۆڵه‌كانی داعش ئاگادار کردۆته‌وه‌ به‌ڵام تاوه‌كوو ئێستا به‌ده‌نگه‌وه‌هاتن نه‌بوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپریس، مه‌حما خه‌لیل قائیمقامی قه‌زای شنگال گوتی: "ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی چالاكی و جموجۆڵه‌كانی داعش له‌ باشووری شنگال و ده‌شتایی نه‌ینه‌وا مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یێكی گه‌وره‌یه‌ به‌ تایبه‌ت كه‌ چالاكییه‌كان به ‌شێوه‌یێكی ڕوون تێبینی كراوه‌ و ئه‌م جموجۆڵه‌ش له‌ حاڵه‌تی به‌رده‌وامبوونیدا زیانی گه‌وره‌ به‌ ناوچه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت به‌و پێیه‌ی داعش ڕێكخراوێكی مه‌ترسیداره‌."

قائیمقامی شنگال ده‌ڵێت: "له‌ دوای پاشه‌كشه‌كردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، له ‌ئێستادا ته‌نیا حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌و ناوچه‌یه‌دان بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌وڵه‌ هه‌واڵگرییه‌كان بخرێنه‌گه‌ڕ و ده‌ستپێشخه‌ریی بكرێت له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر چه‌كدارانی گرووپه‌كه‌."

مه‌حما خه‌لیل گوتیشی: "شنگال ناوچه‌یێكی ستراتێژییه‌ و له ‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوودا حكوومه‌تی عێراقمان له‌ جموجۆڵه‌كانی داعش ئاگادار كرده‌وه‌ به‌ڵام تاوه‌كوو ئێستا به‌ده‌نگه‌وه‌هاتن نه‌بوووه‌."

شایانی باسه‌؛ شنگال یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، له‌ دوای پاشه‌كشه‌كردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش له‌و ناوچه‌یه‌ له‌ دوای ڕووداوه‌كانی مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ڕابردوو، هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ عێراقییه‌كانی‌تر ناوچه‌كه‌یان گرته‌ ده‌ست و له‌ ئێستاشدا ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ جارێكی‌تر گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی داعش له‌ ناوچه‌كه‌دا جموجۆڵ و چالاكییه‌كانیان ده‌ست پێكردبێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: خه‌ڵک

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39180

Your Comment

You are replying to: .
captcha