سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش: قه‌یرانی ئابووری له‌ تورکیا وه‌ک قۆناغی سه‌ره‌تاییی له‌ناوچووندایه‌

به‌شی تورکیا- هاوسه‌رۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گه‌لان ئاماژه‌ به‌ قه‌یرانی ئابووریی تورکیا ده‌کات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌ی که‌ ئێستا به‌رۆکی تورکیای گرتوووه‌ وه‌ک قۆناغی سه‌ره‌تاییی له‌ناوچووندایه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گه‌لان که‌ له‌ زیندانی ئێدیرنه‌دایه‌ له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌واڵده‌ریی میدیا هابری تورکیا ئاماژه‌ به‌ قه‌یرانی ئابووری و ده‌نگدانه‌وه‌ی پرسه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تورکیا ده‌کات و ده‌ڵێت: ئه‌م قه‌یرانه‌ نه‌ک هه‌ر به‌و سیاسه‌تانه‌ی که‌ حکوومه‌ت گرتوویه‌ته‌به‌ر له‌ناو ناچێت به‌ڵکوو وڵات به‌ره‌وڕووی له‌ناوچوون ده‌کاته‌وه‌. ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌ی که‌ ئێستا به‌رۆکی تورکیای گرتوووه‌ وه‌ک قۆناغی سه‌ره‌تاییی له‌ناوچووندایه‌ چوونکه‌ ژێرخان هۆکاری ئه‌م قه‌یرانه‌یه‌. بابه‌تێک نییه‌ که‌ پێوه‌ندی به‌ قه‌شه‌ برۆنسۆنه‌وه‌ بێت. به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ وه‌به‌رهێنان له‌ تورکیا ڕاگیراوه‌ وابه‌سته‌یی به‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ هه‌ر به‌شێک به‌رز بۆته‌وه‌ و تورکیا له‌ سه‌روبه‌ندی له‌ناوچوونی کاپیتالیسمدایه‌. کارتێکه‌ریی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ هێدی هێدی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا زیاتر ده‌بێته‌وه‌ به‌ڵام له‌م نێوانه‌دا ئه‌گه‌ر ئۆپۆزیسیۆن و لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان نه‌توانن ئاڵترناتیڤێک ئاڕاسته‌ بکه‌ن؛ سه‌ره‌ڕای ئه‌م قه‌یرانه‌ پارتی داد و گه‌شه‌ ده‌توانێت درێژه‌ به‌ چییه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی خۆی بدات.

ناوبراو ئاماژه‌ به‌ ئازادکردنی قه‌شه‌ برۆنسۆنی ئه‌مریکی ده‌کات و ده‌شڵێت: به‌ ئازادکردنی برۆنسۆن حکوومه‌تی تورکیا پیشانی دا که‌ تێکڕای لێدوان و هه‌ڵوێسته‌کانی له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌مریکا بێ‌بنه‌مایه‌. به‌ له‌به‌رچاوگرتنی به‌ڵگه‌کان له‌باره‌ی پێوه‌ندیی نێوان تورکیا- ئه‌مریکا پێده‌چێت که‌ ڕێککه‌وتنێکی دیکه‌ له‌ نێوان دوو وڵات ئه‌نجام بدرێت. ئه‌مریکا بۆ قبووڵ کردنی بۆچوونه‌کانی له‌ پرسه‌ ناوچه‌یییه‌کان به‌ تورکیا ئیمتیازێکی تایبه‌تی وه‌ده‌ست هێناوه‌ و له‌و پڕۆسه‌یه‌دا ئه‌مریکا له‌ سووریا زیاتر ده‌توانێت تێزه‌کانی له‌سه‌ر تورکیا بسه‌پێنێت. بابه‌تی برۆنسۆن ته‌نها به‌شێکی بچووک له‌م بابه‌ته‌ بوو.

ده‌میرتاش له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا هه‌ڵبژاردنه‌ خۆجێییه‌کانی 2019ی تورکیا هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات که‌ زیادبوونی گوشار، هه‌ڕه‌شه‌ و ده‌ستگیرکردنی ئه‌ندامانی پارتی دیموکراتی گه‌ل و پارتی هه‌رێمه‌ دیموکراتیکه‌کان له‌ سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کان کوشتوبڕێکی سیاسییه‌. ئه‌م کوشتوبڕه‌ سیاسییه‌ که‌ له‌ ساڵی 2009 له‌ئارادایه‌ به‌ بێ‌وچان درێژه‌ی هه‌یه‌ که‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ شکاندنی ئازادی و ئیراده‌ی گه‌ل ئه‌نجام ده‌درێت. پێویسته‌ گه‌ل خۆی به‌ خاوه‌نی ھه‌ده‌په‌ بزانێت و به‌رگری لێ بكات. هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ده‌توانێت ئه‌نجامێکی زۆر گرینگ له‌پێناو شوناس یان نه‌بوونی شوناسی پارتی داد و گه‌شه‌ له‌ داهاتووی تورکیا ئاراسته‌ بکات. ئه‌گه‌ر پارتی داد و گه‌شه‌ به‌ که‌م بوونه‌وه‌ی شاره‌وانییه‌کان نیسبه‌ت به‌ خولی پێشوو ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ته‌واو بکات هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت له‌ وڵات ڕاده‌گه‌یێنێت. جارێکی‌تر هه‌ڕه‌شه‌ کردن له‌ خه‌ڵک به‌ بۆنه‌ی سیاسه‌تی دانانی قه‌یوم نادیده‌ گرتنی ئیراده‌ی گه‌له‌. به‌م قسه‌یه‌ که‌ ئه‌نجامه‌که‌ هه‌رچی بێت هه‌مدیسان قه‌یوم دیاری ده‌که‌ین ده‌یانه‌وێت خه‌ڵک له‌ ھه‌ڵبژاردنه‌كان سارد بکه‌نه‌وه‌، ده‌بێ گه‌له‌كه‌مان بچێته‌ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگی خۆی بدات، ده‌بێ بۆ ھه‌موو جیھان ڕوونی بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ دانانی قه‌یوم كارێكی ھه‌ڵه‌یه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39158

Your Comment

You are replying to: .
captcha