جەماوەری کوردستان لە سندووقی دەنگدان تۆران و ئوپوزسیۆن شکستی قورسی هێنا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- تێڕامانێک لە سەر خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵسەنگاندنی لەگەڵ خولەکانی پێشووتری هەڵبژاردن دەیسەلمێنێت کە شەپۆلێکی بێ­هیوایی لە حیزبەکان لای جەماوەری کوردستان دروست بووە و ڕێژەی کەمی بەشداریکردنی دەنگدەران لە ئەنجامدا بە قازانجی لایەنی دەسەڵاتدار و بە زیانی بەرەی ناڕازی شکاوەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت پەرلەمان و حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان زیاتر لە خولەکانی پێشووتر ململانێ و موناقەشەی لایەنەکان لە سەر دەسەڵات بە خۆوە ببینێت.

کوردپرێس:

هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان سەرەتای وەرزێکی نوێ بوو لە پڕۆسەی سیاسی و باڵانسی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان نزیکەی 59 لە سەدی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان بوو لە هەڵبژاردنەکەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستاندا بەشدارییان کرد و ئەنجامی دەنگدانەکە لە نێوان 773 بەربژێر لە 30 قەبارە و هاوپەیمانێتی بەم شێوازە دەرچوو:

پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانی 45 کورسی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کۆسرەت ڕەسووڵ 21 کورسی

بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتیی عومەری سەید عەلی 12 کورسی، جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتیی شاسوار عەبدولواحید 8 کورسی

بەرەو ئیسڵاح کە هاوپەیمانێتیی نێوان دوو حیزبی یەکگرتووی ئیسلامی بە ئەمیندارێتیی سەڵاحەدین بەهادین و بزووتنەوەی ئیسلامی بە ئەمیندارێتیی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بوو 5 کورسی

کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی عەلی باپیر 7 کورسی

هاوپەیمانیی سەردەم بە میحوەرییەتی سۆسیالیست، بە سکرتارێتیی محەمەد حاجی مەحموود 1 کورسی

لیستی ئازادی (شیوعیی عێراق) 1 کورسی

11 کورسی بۆ کۆتاکان

خشتەی ژمارە یەک

هەڵسەنگاندنی ڕێژەی دەنگی حیزبەکانی کوردستان لە خولی چوارەم و پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

لیست

هەڵبژاردنی 2013

هەڵبژاردنی 2018

جیاوازی دەنگەکان

ژمارەی دەنگ

ژمارەی دەنگ

ژمارەی دەنگ

لە سەد

پارتی دیموکراتی کوردستان

743984

686070

57914-

7.8%-

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

350500

319912

30588-

8.7%-

بزووتنەوەی گۆڕان

476736

186903

289833-

60.8%-

کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان

118574

109494

9080-

7.7%-

بەرەو ئیسڵاح (یەکگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی)

186741

79434

107307-

57.4%-

سەردەم

12501

15581

3080+

19.8%+

لیستی ئازادی

12392

8063

4329-

34.9%-

لە چاو هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمان کە 2013 بەڕێوە چوو لەم خولەی هەڵبژاردندا دەنگی زۆرینەی حیزبەکانی هەرێم دابەزینی بە خۆوە بینیوە.

پارتی لە هەڵبژاردنەکەی خولی پێنجەمدا 686 هەزار و 70 دەنگی مسۆگەر کرد ئەوەش لە کاتێکدایە ڕێژەی دەنگەکانی پارتی لە خولی چوارەمدا 743 هەزار و 984 دەنگ بوو. واتا 57 هەزار و 914 دەنگ (7.8 لە سەد) دابەزینی بەخۆوە بینیوە.

یەکێتی لە خولی پێنجەمدا 319 هەزار و 912 دەنگی بەدەست هێنا ئەوەش لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمدا 350 هەزار و 88 دەنگی مسۆگەر کردبوو. واتا 30 هەزار و 588 دەنگ دابەزینی بەخۆوە بینیوە کە دەبێتە 8.7 لە سەد.

بزووتنەوەی گۆڕان لە خولی پێنجەمدا 186 هەزار و 903 دەنگی بەدەست هێنا ئەوەش لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمدا 476 هەزار و 736 دەنگی مسۆگەر کردبوو. واتا 289 هەزار و 833 دەنگ دابەزینی بەخۆوە بینیوە کە دەبێتە 60.8 لە سەد.

کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە خولی پێنجەمدا 109 هەزار و 494 دەنگی بەدەست هێنا ئەوەش لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمدا 118 هەزار و 574 دەنگی مسۆگەر کردبوو. واتا 9 هەزار و 80 دەنگ دابەزینی بەخۆوە بینیوە کە دەبێتە 7.7 لە سەد.

هاوپەیمانیی بەرەو ئیسڵاح (یەکگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی) لە خولی پێنجەمدا 79 هەزار و 434 دەنگی بەدەست هێنا ئەوەش لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمدا 186 هەزار و 741 دەنگی مسۆگەر کردبوو. واتا 107 هەزار و 307 دەنگ دابەزینی بەخۆوە بینیوە کە دەبێتە 57.4 لە سەد.

هاوپەیمانیی سەردەم لە خولی پێنجەمدا 15 هەزار و 581 دەنگی بەدەست هێنا ئەوەش لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمدا 12 هەزار و 501 دەنگی مسۆگەر کردبوو. واتا 3 هەزار و 80 دەنگ زیادی کردووە کە دەبێتە 19.8 لە سەد. هەڵبەت ئەوە لە کاتێکدایە سۆسیالیست لە خولی چوارەمدا سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنی کردبوو بەڵام لەم خولەدا لەگەڵ حیزبی کرێکاران و زەحمەتکێشان و یەکگرتووی نیشتمانیی کوردستان هاوپەیمانێتییان پێک هێنابوو. بۆیە دەردەکەوێت کە سۆسیالیستیش لەم خولەدا ژمارەی دەنگەکانی کەمی کردووە.

لیستی ئازادی لە خولی پێنجەمدا 8 هەزار و 63 دەنگی بەدەست هێنا ئەوەش لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمدا 12 هەزار و 392 دەنگی مسۆگەر کردبوو. واتا 4 هەزار و 329 دەنگ دابەزینی بەخۆوە بینیوە کە دەبێتە 34.9 لە سەد.

دابەزینی ڕێژەی بەشداری براوە و دۆڕاوی هەڵبژاردنی یەکلا کردەوە

لە 2003وە تا ئێستا لە هیچ هەڵبژاردنێکی هەرێمی کوردستاندا ڕێژەی بەشداری هێندەی هەڵبژاردنەکەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کەم نەبووە کە 30ی ئەیلوولی 2018 بەڕێوە چوو. بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان ڕێژەی بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا 59 لە سەد بوو کە لە سەردەمی پاش ڕووخانی سەدامەوە کەمترین ڕێژەی بەشداری بوو.

ڕێژەی بەشداریی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتردا بەم شێوەیە بوو:

*داتاکانی خولی یەکەمی هەڵبژاردن کە 1992 بەڕێوە چوو متمانەیان پێ ناکرێت و داتای فەرمی لە بەردەستدا نییە کە هەمووان لە سەری کۆ دەنگ بن. هەر بۆیە ئاماژە بە ڕەقەمەکان ناکەین.

2005 هەڵبژاردنی دووهەم کرا و 84.6 لە سەد بەشدارییان کرد.

2009 هەڵبژاردنی خولی سێهەم کرا و ڕێژەی بەشداری 76.3 بوو

2013 هەڵبژاردنی خولی چوارەم کرا و ڕێژەی بەشداری 73.9 لە سەد بوو.

لە هەڵبژاردنەکەی خولی پێنجەمدا ئەگەرچی لایەن و حیزبەکان داوای بەشداریی گەرموگوڕیان لە هاووڵاتییان کرد بەڵام بەوەشەوە لە کۆی 3 ملوێن و 85 هەزار و 461 کەس کە مافی دەنگدانیان بوو تەنها 1 ملوێن و 845 هەزار و 979 کەس دەنگیان دابوو واتا 59 لە سەدی دەنگدەران.

خشتەی ژمارە 2

ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان

ناوی پارێزگا

خولی دووهەمی پەرلەمان

2005

خولی سێهەمی پەرلەمان

2009

خولی چوارەمی پەرلەمان

2013

خولی پێنجەمی پەرلەمان

2018

سلێمانی

53%

73%

74.5%

70.9%

هەولێر

58%

71.1%

79%

92%

دهۆک

61%

76.4%

86

89.3%

مامناوەند

59%

73.9%

76.3%

84.6%

یەک لەو خاڵانەی کە دەتوانین وەکوو هۆکاری دابەزینی ڕێژەی بەشداریی هاووڵاتییان لە خولی نوێی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە کوردستانیش و لە عێراقیش ئاماژەی پێ بکەین ئەوە بوو چیتر هاووڵاتییان لە سندووقی دەنگدان و لە حیزبەکان بێ هیوا بوون. دوو هۆکاری دیکەی ئەو بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ پەرەسەندنی ناڕەزاییی هاووڵاتییانی هەرێم بەرانبەر بە سیاسەتی هەردوو لایەنی دەسەڵات و موعارەزە لەگەڵ ئەوەش بێ­تین بوونی هەستی نەتەوایەتی و گیانی نیشتمانپەرەوەری لەچاو ڕابردوو.
تایبەتمەندیی خولی سێهەمی پەرلەمانی کوردستان ئەوە بوو لایەنی ناڕازی هاتە ساحەی سیاسی و لە چوارچێوەی ئوپۆزسیۆندا خۆیان یەک خست. ئەوەش لە کاتێکدا زۆرینەی ئەو ئوپۆزسیۆنە پێشتر هاوپەیمانی لایەنی دەسەڵات بوون و تەنانەت هەندێکیان لە نێو حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا بوون. لەم نێوانەدا دەتوانین تیشک بخەینە سەر بزووتنەوەی گۆڕان کە لە یەکێتی جیا بوویەوە و هاوپەیمانیی خزمەت و ئیسڵاح هاتە مەیدان کە وەکوو قەبارەیێکی جیا لە کۆمەڵی ئیسلامی و لایەنی دەسەڵات بەشداریی هەڵبژاردنی خولی دووهەمی کرد و یەکگرتووی ئیسلامی و سۆسیالیست و حیزبی ئایندەش لە دوو حیزبە باڵادەستەکەی هەرێم جیا بوویەوە و ئەمانە هەمووی دەلالەت بوو لە سەرهەڵدانی گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان کە دواتر پەرەی سەند.

پاش هەڵبژرادنەکەی خولی چوارەمیش پارتی و یەکێتی گفتوگۆیان لەگەڵ سێ لایەنی ئوپۆزسیۆن واتا گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ کرد و ئەو سێ لایەنە بڕیاریان دا بە بەشداریکردن لە حکوومەت و جارێکی دیکەش پۆستی سەرۆکوەزیران درایەوە بە نێچیرڤان بارزانی و جێگرەکەشی درا بە قوباد تاڵەبانی لە پشکی یەکێتی و سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش درا بە یۆسف محەمەد لە پشکی گۆڕان و وەزارەتخانەکانیش بەگوێرەی ڕێککەوتن و ئیستحقاق لە نێوان 5 حیزبەکەدا دابەش کران.

خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان زیاترین ناکۆکی و ململانێی تێدا بوو. زۆر تەوەری ڕیشەیی وەکوو دەستوور و یاسای سەرۆکایەتی و نەوت و گاز و ڕیفراندۆم و لە ئەنجامدا داخرانی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ و کشانەوەی بەرەی ناڕازی بەگۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵەوە لەو خولەدا ڕوویان دا و ئەوەش ناڕەزاییی جەماوەری هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و ناڕەزاییی ڕای گشتی و قەیرانی ئابووری و سیاسی و حیزب حیزبێنە وای کرد کێشەکە پەرە بسێنێت. لایەنی ناڕازی چ لەو خولەدا کە بەشداری حکوومەت بوو و چ لە دەرەوەی دەسەڵاتیش نەیتوانی دروشمەکانی خۆی بگەیێنێتە ئەنجام و ئەوەش ناڕەزاییی دەنگدەرانی ئەو حیزبانەی لێکەوتەوە.

بۆیە بە گشتی دەتوانین چەند هۆکاری سەرەکیی دابەزینی ڕێژەی بەشداریی خەڵکی هەرێم لە 5 خولی ڕابردووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەم شێوازەی خوارەوە دەستنیشان بکەین.

*بێ هیوا بوونی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە گۆڕانکاری کردن لە ڕێگای سندووقی دەنگدانەوە

*دەنگۆی ساختەکاری و نەمانی سەلامەتی هەڵبژرادن لە خولە جۆربەجۆرەکان

*قەیرانی دارایی و گەندەڵی لە جومگەکانی دەسەڵات

*بێکاری و نەبوونی هەلی کار

*ناکارامەبوونی لایەنی ئوپۆزسیۆن چ لە دەرەوەی دەسەڵات و چ ئەو کاتەی لە دەسەڵاتدا بوون

*پێکهێنانی حکوومەتی ئیتفاقی بەپێی بەرژەوەندیی حیزبی نەک بەرژەوەندیی گەل

دابەزینی ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران، ئوپۆزسیۆنی دۆڕاند

ئەوەی لە خولەکانی پێشووتر و بەتایبەت لە خولی سێهەم و چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەماندا باڵانسی دەسەڵاتی گۆڕی بەرەی ناڕازی بوو. ئەو بەرەیە تەرکیزیان کردە سەر سندووقی دەنگدان و گۆڕانکاریی ئاشتییانە لە دەسەڵات. بەڵام ئەزموونی دوو خولی ڕابردوو و نەهاتنە دیی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لایەنی ناڕازی وەعدی دابوو، شەپۆلێکی بێ هیواییی لە نێوان هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان خولقاند. ئەگەر سەرنجی خشتەی ژمارە دوو بدەین بۆمان دەردەکەوێت کە کەمترین ڕێژەی بەشداریی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردن، لە پارێزگای سلێمانی بوو کە وەکوو خێزگەی بەرەی ناڕازی ناسراوە. ئەوەش دەلالەتە لە سەر ئەوەی بەرەی ناڕازی زیاترین ڕێژەی بایکۆتیان گرتۆتە بەر و لە ئەنجامدا بە قازانجی لایەنی دەسەڵاتدار شکاوەتەوە. بۆیە ئەگەر سەرنجی خشتەی ژمارە یەک بدەین دەبینین کە دوو حیزبی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی زیاترین دابەزینی ژمارەی دەنگیان بەخۆوە بینیوە.

*ژمارەی دەنگەکانی گۆڕان سەدا 60 کەمی کردووە

بزووتنەوەی گۆڕان لە خولی پێنجەمدا 186 هەزار و 903 دەنگی بەدەست هێنا ئەوەش لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمدا 476 هەزار و 736 دەنگی مسۆگەر کردبوو. واتا 289 هەزار و 833 دەنگ دابەزینی بەخۆوە بینیوە کە دەبێتە 60.8 لە سەد.

هۆکارەکانی دابەزینی ڕێژەی دەنگی گۆڕان

گۆڕان هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە لەلایەن نەوشیروان مستەفا و بەتایبەت پاش ئەوەی لە خولی سێهەمی پەرلەماندا بە 25 نوێنەرەوە وەکوو حیزبێکی بەهێز دەرکەوت، چەندین پێوەری سەرەکیی بۆ خۆی هەڵبژراد کە وەکوو یەکەمایەتی و داڵغەی حیزبەکە کاریان بۆ بکات. ئەو پێوەرانە بریتی بوون لە: دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بنبڕکردنی گەندەڵیی ئیداری و دارایی، شەفاف کردنی داهاتی نەوت و عیلاقاتی سیاسیی کورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە و پێداچوونەوە بەو پێوەندییانە، شەفاف کردنی مەسەلی هێزی سەربازی و پێکهێنانی هێزی هاوبەش و هەروەهاش شەفاف کردنی پڕۆسەی دانووستانی نێوان هەولێر و حکوومەتی ناوەند.

گۆڕان هەر لە سەرەتاوە جەختی کردەوە کە هەموو ئەو داڵغانەی حیزبەکە تەنها بە گۆڕانکاری کردنی ڕیشەیی لە سیستەمی حکومڕانیی هەرێمی کوردستان دەگەنە ئەنجام و ئەو گۆڕانکارییەش تەنها بە شێوازی دەستووری و لە کەناڵی پەرلەمانەوە دەست پێدەکات.

بزووتنەوەی گۆڕان پاش ئەوەی چوار ساڵ وەکوو لایەنی موعارەزە لە پەرلەمانی کوردستان بەشدار بوو ئەم جارەیان بە دروشمی "گۆڕان بەرەو دەسەڵات" بەشداریی ڕکابەریی خولی چوارەمی هەڵبژاردنی کرد و دیسانەوە توانیی 24 کورسی مسۆگەر بکات و وەکوو هێزی دووهەمی هەرێمی کوردستان بەشداریی حکوومەتی کرد و بە ڕێککەوتننامەکەی 17ی نیسانی 2014ی نێوان پارتی و گۆڕان، ئەو حیزبە توانیی داواکارییەکانی لە حکوومەتی هەرێمەوە مسۆگەر بکات.

بەگوێرەی ڕێککەوتنەکەی نێوان گۆڕان و پارتی سەرۆکایەتیی پەڕلەمانی کوردستان، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی ئەوقاف، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دران بە گۆڕان. ئەگەر سەرنجی ئەو پۆست و وەزارەتانە بدەین بۆمان دەردەکەوێت کە بەشێکی هەرەزۆری جومگەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و سەربازیی هەرێمی کوردستان بە گۆڕان دراوە. ئەوەش وەکوو سەرکەوتنێکی مەزن لەلایەن ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەکە وەسف کرا و لە میدیاکانی گۆڕاندا دەنگی فراوانی دایەوە.

پێچەوانەی ئەوەی پێشبینی دەکرا و بەهۆی هۆکارەکانی پاش 2013 گۆڕان سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی تایبەتی پێبوو نەیتوانی ئارمانج و دروشمەکانی بێنێتە دی. بۆشاییی سەرکردایەتی پاش کۆچی دواییی نەوشیروان مستەفا و قەیرانی سیاسی بۆ بڕیاردان و ڕووکردن لە شەقام و ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە دەسەڵات چەند نموونەی بەرچاو بوون کە دەلالەتن لە سەر پاشگەزبوونەوەی گۆڕان.

بەگشتی ئەو خاڵانەی وەکوو هۆکاری شکستهێنانی گۆڕان دەستنیشان کراون بریتین لەمانەی خوارەوە:

*پاش کۆچی دواییی نەوشیروان مستەفا بەرەیێکی کۆنسێرڤاتیڤ سەرکردایەتیی حیزبەکەیان بەدەستەوە گرت و ئەوەش لەگەڵ فەلسەفەی حیزبەکە نەدەهاتەوە کە تەرکیزی لە سەر بەکارهێنانی گەنجەکان بوو. بێ­هەڵوێست بوونی ئەو سەرکردایەتییە جگە لەوەی بووە هۆی پەرەسەندنی کێشەکان وایشی کرد سەکردایەتیی گۆڕان کۆنتڕڵی کاروباری حیزبەکەی لە دەستدا نەمێنێت.

*ئەگەر سەرنجی پێشینەی گۆڕان بدەین دەردەکەوێت کە لەو ماوەیەی لە دەسەڵاتدا بوون بەرنامە و نەخشەڕێگای ئەوتۆیان نەبوو بۆ گۆڕانکاری کردن و هەر ئەوەش وای کرد هەڵوێست و بەرنامەی حیزب یەک نەگرێتەوە و بە وتەی ڕەخنەگران، شەوانە ئوپوزسیۆن بوون و بە ڕۆژ شەریکی دەسەڵات.

*سنوورداربوونی پێگەی جەماوەریی حیزبەکە لەباری جوگرافییەوە کە تەنها پارێزگای سلێمانیی لەگەڵ بوو خەسارێکی دیکە بوو بۆ گۆڕان. خێزگەکەی گۆڕان وەکوو هەرێمی فرەڕەنگ بە ڕۆڵگێڕە سیاسییەکانی دیکەشەوە ناوبانگی دەرکردووە و ئەوەش وادەکات پێگەکان بە ئاسانی لە هەڵبژاردندا بگۆڕدرێن و پێگەی جەماوەریی حیزبەکان بەرەوڕووی مەترسی ببێتەوە. ئەو دۆخەی سلێمانی هەرگیز لە دهۆک و هەولێر نابینرێت کە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتین. هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ هەیکەلییەتی کۆمەڵایەتی و دۆخی ئابووری و هەلومەرجی تایبەتی سیاسیی ئەو دوو پارێزگایە.

یەکگرتووی ئیسلامی و ڕووخانێکی جێ سەرنج

هاوپەیمانیی بەرەو ئیسڵاح (یەکگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی) لە خولی پێنجەمدا 79 هەزار و 434 دەنگی بەدەست هێنا ئەوەش لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمدا 186 هەزار و 741 دەنگی مسۆگەر کردبوو. واتا 107 هەزار و 307 دەنگ دابەزینی بەخۆوە بینیوە کە دەبێتە 57.4 لە سەد.

بەگشتی حیزبە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ڕێژەی دەنگەکانیان دابەزی. لە خولی چوارەمدا بە هەر سێ حیزبە ئیسلامییەکەوە 17 کورسییان بە دەست هێنابوو بەڵام لە خولی پێنجەمدا ئەو ڕێژەیە بۆ 12 کورسی دابەزی. ئەگەرچی کۆمەڵی ئیسلامی یەک کورسی زیاتر لە خولی چوارەمی مسۆگەر کرد بەڵام بەوەشەوە ژمارەی دەنگەکانی هەر کەمی کردبوو.

هۆکار زۆرن بۆ دابەزینی ژمارەی کورسییەکان. حیزبە ئیسلامییەکان لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیادا سنووریان بۆ خۆیان دروست کردووە و هەڵوێست و ڕەدفیعلەکانیان لە چاو دیکەی قەبارە سیاسییەکانی کوردستان کەم ڕەنگتر و لاوازترە.

بەگشتی بێ هیوابوونی ڕای گشتی لە توانای حیزبە ئیسلامییەکان بۆ گۆڕانکاری کردن و ناڕەزایەتیی جەماوەری هەرێم لەو حیزبانە و شێوازی کارکردن و هەڵوێست نواندنیان خەڵکی هەرێمی گەیاندووە بەو قەناعەتەی ئەو حیزبانە توانای پێشکەشکردنی مۆدیلی نوێی حوکمڕانییان نییە و تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتیشیان بەدەستەوە بێت وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەروەهاش حیزبە کوردستانییەکان تەنگیان پێ هەڵدەچنن و ڕێگەیان پێ نادەن کار بۆ گۆڕانکاری بکەن.

هەڵبەت بیرمان نەچێت سەرهەڵدانی داعش و هەڵوێست نەنواندنی شەفاف و بەبڕشتی لایەنە ئیسلامییەکانی کوردستان دژ بەو گرووپە و ڕاپۆرتی وەزارەتی ئەوقاف لەسەر پێوەندی کردنی ژمارەیێک لە سەرکردە گەنجەکانی ئەو حیزبە ئیسلامییانە بە داعشەوە شەپۆلێکی دژ بەو حیزبانە لە سۆشیاڵ میدیای هەرێمی کوردستان دروست کرد و ئەوەش کارتێکەر بوو لە دابەزینی ڕێژەی دەنگەکانیان.

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان

یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان یه‌کێک له‌و حیزبه‌ میانه‌ڕه‌وانه‌یە له‌ باری هزرییه‌وه‌ جێگه‌ په‌نجه‌ی ڕه‌وتی جیهانیی ئیخوانولموسلمینی پێوه‌ ده‌بینرێت ئه‌گه‌رچی پێشینه‌ی نافه‌رمیی ئه‌و ڕه‌وته‌ له‌ کوردستان و عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چله‌کان به‌ڵام پاش په‌سه‌ندکرانی یاسای کارکردنی فه‌رمیی حیزبه‌کان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ساڵی 1994 وه‌کوو قه‌باره‌ی فه‌رمیی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان به‌ سکرتارێتیی سه‌لاحه‌ددین به‌هائه‌ددین به‌ فه‌رمی ناسرا و ده‌ستی به‌ کاره‌کانی خۆی کرد. ئه‌و حیزبه‌ ستراتێژییه‌تێکی ئاشتییانه‌تری گرتۆته‌به‌ر له‌ چاو حیزبه‌ ڕکابه‌ره‌ ئیسلامخوازه‌کانی خۆی له‌ باکووری عێراق بۆیه‌ توانیی سیمایێکی جیاواز له‌خۆ بنوێنێت و هه‌ندێک جاریش ده‌وری نێوه‌ندگیر و نێوبژیڤانی گێڕاوه‌ له‌ ناکۆکیی نێوان لایه‌نه‌کاندا ئه‌وه‌ش پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری حیزبه‌که‌ی سه‌ر خستوووه‌.

یه‌کگرتووی ئیسلامی ساڵی 2016 له‌ کۆنگره‌ی حه‌وته‌می خۆیدا جارێکی‌تر سه‌لاحه‌ددین به‌هائه‌ددینی وه‌کوو ئه‌مینداری حیزب هه‌ڵبژارده‌وه‌ ئه‌وه‌ش پاش چوار ساڵ ئه‌میندارێتیی محه‌مه‌د فه‌ره‌ج بوو. ئه‌مینداره‌ نوێکه‌ی یه‌کگرتووی ئیسلامی له‌ کۆنگره‌ی حه‌وته‌مدا ئاشکرای کرد کادیر و لایه‌نگره‌کان داوای حیزبێک ده‌که‌ن که‌ پاشکۆی هیچ لایه‌ن و هیچ که‌سێک نه‌بێت و خاوه‌ن ڕه‌ئی و قسه‌ی خۆی بێت و کار بۆ په‌ره‌پێدان و سه‌رخستنی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری حیزبه‌که‌ ده‌که‌ن به‌ڵام به‌عه‌کسه‌وه‌ ده‌رچوو. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی 30ی ئه‌یلوولی په‌رله‌مانی کوردستاندا ژماره‌ی ده‌نگ و کورسیی حیزبه‌که‌ دابه‌زینی به‌خۆوه‌ بینی. یه‌کگرتووی ئیسلامی ساڵی 2013 توانیی 186 هه‌زار و 741 ده‌نگ مسۆگه‌ر بکات و ببێته‌ خاوه‌ن 10 کورسیی په‌رله‌مان و وه‌کوو قه‌باره‌ی چواره‌می هه‌رێمی کوردستان ده‌رکه‌وت به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی 30ی ئه‌یلوولی 2018دا ته‌نها 107 هه‌زار و 307 ده‌نگی بۆ تۆمار کرا که‌ له‌ چاو خولی پێشووتر 57.4% دابه‌زینی به‌خۆوه‌ بینیوه‌ و ته‌نها 5 کورسیی بۆ مسۆگه‌ر کرا.

چەند هۆکارێکی شکستهێنانی یەکگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی کوردستان:

*پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ بۆووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کە پێشینەی مێژووییی نییە و لە باڵانسی دەسەڵاتی ئێستای هەرێمی کوردستاندا خاوەن پێگە نییە، وای کرد پێگەی جەماوەریی یەکگرتووی ئیسلامی خەساری لێ بکەوێت.

*بەشداری کردنی یەکگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژاردن بە تێڕوانین و ستراتێژییەتی ئایدیۆلۆژییانەی هاوپەیمانیی بەرەو ئیسڵاح کە تەنانەت ئامادە نەبوو ناوی هاوپەیمانێتییەکەی بە کوردی بنووسێت.

*هەڵوێست و ستراتێژییەتی ئەمیندارێتیی نوێی یەکگرتوو کە نزیکەی دوو ساڵی ڕابردوو لە چەند تەوەری هەستیاری وەکوو ڕیفراندۆمدا خۆیان خستە پاڵ لایەنی دەسەڵات و داڕێژەرانی پڕۆەی گشتپرسی و بەتایبەت پارتی بە سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانی کە یەکێتی ئەوەی پێ خۆش نەبوو و ئەو ئەندامانەی یەکگرتووش کە هەڵوێستی دژبە پارتییان هەیە پێی ئیزعاج بوون.

درێژەی دەبێت ...

News Code 39069

Your Comment

You are replying to: .
captcha